27 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كران

:: PM:09:05:27/04/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بەردەوامە، لەوكاتەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون لە دنیا گەیشتە سەرووی سێ ملیۆن حاڵەت، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە عێراق، 27 حاڵەتی نوێی تووشبوون و حاڵەتێكی مردن تۆمار كران.
مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە
بەپێی راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ دووشەم هاتە راگەیاندن كە لە كۆی 2311 پشكنین لە سەرانسەری تاقیگە پزیشكییەكان لە عێراق، 27 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە، لەوانە هەشت لە بەغدا و یەكێك لە هەریەك لە بەسڕە و نەجەف و حەوت حاڵەت لە موسەنا و سێ لە سلێمانی و حەوت لە هەولێر، جیا لە تۆماركردنی یەك حاڵەتی مردن لە نەجەف و 23 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەبووە.

بەو شێوەیە كۆی تووشبوون لە عێراق گەیشتە 1847 حاڵەت و 88 حاڵەتی مردن و 1286 چاكبوونەوە، لەوكاتەی بە پێی ئامارێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا سێ ملیۆن حاڵەتی تێپەڕ كرد، لەوانە ئەمەریكا لە ملیۆنێك حاڵەتی تووشبوون نزیك بووەتەوە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل