بانكی مۆرگان پێشبینی نرخی نەوتی تا ساڵی داهاتوو راگەیاند

:: PM:04:29:20/05/2020 ‌

بانكی وەبەرهێنانی مۆرگان ئیستەنلی لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی داهاتووی بازاڕی نەوت، پێشبینی دەكات تا كۆتایی ساڵی 2021  نرخی نەوت بۆ سەردەمی پێش كۆرۆنا ناگەڕێتەوە.

بە پێی راپۆرتەكە ئەو سستییە ئابوورییەی بەربینگی وڵاتانی دنیای گرتووە، تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، بۆیە نابێت چاوەڕوانی ئەوە بكرێ بە خێرایی رێژەی داخوازی لەسەر نەوت بەرز ببێتەوە.
تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021 بریتی دەبێ لە 45 دۆلار

بانكەكە پێشبینی بۆ بەهای نەوت كردووە و گوتوویەتی، تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021 بریتی دەبێ لە 45 دۆلار و تێكڕای نرخی نەوتی ئەمەریكاش كە بە wti ناسراوە 40 دۆلار دەبێت.

پێویستە بگوترێ لە سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت تا سەرووی 70 دۆلار هەڵكشابوو، بەڵام مانگی رابردوو خوارووی 16 دۆلاریشی تۆمار كرد و نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكیش بۆ ژێر سفر دابەزی. هەڵبەت ماوەیەكە بەهای نەوت بەرز بووەتەوە و ئێستە بەرمیلی نەوتی برێنت بە نزیكەی 35 دۆلار و نەوتی ئەمەریكاش بە 32 دۆلار دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەستیان بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كردووە بۆ ئەوەی بتوانن  لەو رووەوە قازانج بكەن و بە بەهایەكی زیاتر نەوتەكە بفرۆشن. 

هەر چەندە نیازەكە ئەوەیە بە گشتی 20 ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی بەرهەمهێنان كەم بكرێتەوە، بەڵام قەبارەی داخوازی زۆر زیاتر لە 20  ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیوە، بۆیەش رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زۆر شلە.





وشە - سلێمان تاشان