عێراق هێزی زیاتر لە دەوروبەری داقووق و خورماتوو بڵاو دەكاتەوە

:: PM:04:51:02/07/2024 ‌

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین ئەركی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی خورماتوو و دەوروبەری شارۆكەی داقووق لە پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە و هێزی لەو ناوچانەی بڵاو كردووەتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژە دەكات، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین كە ئەركی پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایەی جێبەجێ دەكات، دەستی بە بڵاوكردنەوەی پارچە سەربازییەكان كردووە بۆ بەهێزكردنی خاڵە تەناهییەكان، ئەوەش بەپێی فەرمانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پارێزراوی و ئاسایشی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین.

زیاتر روونی كردەوە، لەو ئەركانەی بە فەرماندەییەكە سپێردراوە، دابینكردنی ئارامی و پارێزراویی دەوروبەری شارۆكەی داقووقە لە باشووری پارێزگای كەركووك و دەوروبەری شارۆكەی خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین، بۆیە فەرماندەییەكە پرۆسەی بڵاوكردنەوەی هێزەكانی لەو ناوچانە تەواو كردووە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش، بەتایبەتی لە دۆلی چای لە دەوروبەری داقووق و حاوی زەرگە لە دەوروبەری شارۆكەی خورماتوو.

شایەنی باسە ئەو ناوچانەی ئاماژەیان بۆ كراوە، واتە دۆڵی چای و حاوی زەرگە، دوو ناوچەی مەترسیدارن لە رووی بوونی پاشماوەی چەكدارانی داعش بەهۆی سەختیی سروشتیانەوە، وای كردووە بە بەردەوام ئەو ناوچانە بكەونە ژێر هەڕەشەی تیرۆریستان، جارجاریش هێزە تەناهییەكانی عێراق لەو ناوچانە دەكرێنە ئامانج، بۆیە حكوومەتی عێراق دەیەوێ لەو رێگایەوە كۆنترۆڵیان بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل