توركیا لەو ناوچانە كشایەوە كە پەكەكە بەدوای خۆیدا ڕای كێشابوو

:: AM:10:11:04/07/2024 ‌
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئەو بنكە و خاڵی پشكنینانەی بە سوپای توركیا لە دەڤەری ئامێدی چۆڵ كرد، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگەش ڕای گەیاند، سوپای توركیا هیچ بنكەیەكی جێگیریان لە گوندەكاندا نەماوە.

دوای زیادبوونی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاڵ و بنكەكانی پەكەكە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، گەریلاكانی پەكەكە جووڵە و چالاكییەكانیان خزاندە ناو گوند و شارۆچكەكانی ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان، سوپای توركیاش بەم بیانووەوە لە ناوچە سنوورییەكانی ئامێدی دوو خاڵی پشكنینی دانابوو.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە"وشە"ی راگەیاند، پێشمەرگەكانی كوردستان چوونەتە شوێنی ئەو دوو بازگەیەی سوپای توركیا كە لە ڕۆژانی ڕابردوو  بە بیانووی پەكەكەوە لەسەر ڕێی سەرەكیی نێوان گوندەكانی بلیزان و كانی بەلاڤەی سەربە شارەدێی ئامێدی دایاننابوون.

 بەپێی سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دووی تەمووزەوە پێشمەرگەكانی كوردستان ئەو بازگانەیان لە چەكدارانی تورك وەرگرتووە و ئێستە ئەو بازگانە لە كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندان.

سەرچاوەكە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی نوێی كردووە و بەشێكی زۆر لە خاكی باشووری كوردستانی داگیر كردووە گوتی، ئەوانە بەشێكن لەو میدیایەی دەیانەوێ لەو ڕێیەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش لە پارتی بدەن، ئەگەرنا سوپای توركیا هیچ خاڵێكی جێگیری لەم ماوەدا دانەناوە، بەهۆی پەكەكەوە هاتوونەتە ئەو گوندانە و دواتر چۆڵیان كردووە و ئێستە پێشمەرگە لە ناوچەكەدایە.

سوپای توركیا بەهۆی پەكەكەوە ئۆپراسیۆنی سنوورداری بۆ گوەندەكانی ناوچەی ئامێدی دەست پێ كردبوو، بەڵام دوای گەڕان و پشكنین گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و ئێستە پێشمەرگە لەو گوندانە نیشتەجێ كراون.



وشە - سۆران عەزیز