نرخی زێڕ لە دنیا لە هەڵكشان بەردەوامە و ئەمڕۆ سێشەم گەیشتە ئەوپەڕی بەرزی و نرخێكی پێوانەیی تۆمار كرد، كە بەهۆی مەترسییەكان لە كاریگەریی بڕیاری ترەمپ بە زیادكردنی رسوومانی گومرگی و كاردانەوەی وڵاتان بەرانبەری، نرخی زێڕ بەرز بووەوە گەیشتە 3142.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.
ئەو گرانبوونەی نرخی زێڕ بەهۆی زیادبوونی خواستە وەك پەناگەیەكی ئارامتر بەرانبەر بە هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت و دۆلار، كە بەهۆی كاریگەریی ئەو شەڕەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بورای رسووماتی گومرگی لەگەڵ وڵاتانی دنیا دروست كردووە، ئەوەش وا دەكات رێژەی هەڵاوسان بەرز ببێتەوە و گەشەی ئابووری سست بێت.
نرخی
زێڕ لە مامەڵە راستەوخۆكان بە رێژەی 0.6% بەرز بووەوە و گەیشتە 3142.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، لە ئەمەریكا نرخی گرێبەستە داهاتووەكان بە رێژەی 0.7% بەرز بووەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەك گەیشتە 3171.80 دۆلار، ییب جۆن رۆنگ شارەزای بازاڕ دەڵێت، ئەو پەنابردنە بۆ زێڕ بەهۆی پێشبینییەكانە لەبارەی زیادكردنی رسوومانی ئەمەریكا و كاردانەوەكان كە لە 2ی ئەم مانگە دێتە سەپاندن.
بڕیارە سبەی چوارشەم دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پلانێكی گەورەی خۆی بۆ سەپاندن و زیادكردنی رسووماتی گومرگی بەسەر بەرهەمەكانی دێنە ناو ئەمەریكا رابگەیەنێت، ئەوەش بۆ پاراستنی ئابووریی ناوخۆیی و رزگاركردنی لەو بەربەرەكانییە نادادوەرانەی لەگەڵ بەرهەمی هاوردەكراو هەیە، هاوكات وڵاتانیش بە هەمان شێوە وەڵامی ئەمەریكا دەدەنەوە.
هەرچی نرخی نەوتە، بەهۆی ترس لە كاریگەریی ئەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ دروست كردووە لەسەر گەشەی ئەبووری دنیا، جیا لە هەڕەشەكانی بە سەپاندنی سزا بەسەر خاوی رووسیا و هەڕەشەكانی لە دژی ئێران، نرخەكەی دابەزی، كاتێك نرخی گرێبەستە داهاتووەكانی برێنت گەیشتە 74.67 دۆلار بۆ بەرمیلێك و خاوی رۆژئاوای تەكساسیش گەیشتە 71.37 دۆلار بۆ بەرمیلێك، هەرچی خاوی قورسی بەسرەیە گەیشتە 71.28 دۆلار بۆ بەرمیلێك و خاوی ناوەندیش گەیشتە 74.33 دۆلار بۆ بەرمیلێك.