ئەو پیاوەی بەهۆی پێكەنینەكانی ناوێرێ بچێتە هیچ پرسەیەك

:: AM:09:22:29/06/2024 ‌
پیاوێك لە توركیا كە پیشەی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێلە، تووشی نەخۆشییەك بووە كە بەردەوام پێدەكەنێت و ناتوانێ پێكەنینەكەی كۆنترۆڵ بكات، ئەوەیش لێ كردووە نەوێرێ لە بۆنە خەماوی و بەتایبەتی لە پرسەكاندا ئامادە بێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 29ی حوزەیران، هەواڵێكی لەبارەی ئەو پیاوە بڵاو كردووەتەوە كە ناوی "عەلی توتار"ـە. گرتەیەكی عەلی توتار لە "هەواڵەكانی توركیا" بڵاو بووەتەوە و تێیدا دیمانەیەكیان لەگەڵدا ساز داوە، لەو دیمانەیەدا توتار دەڵێ، بەدەست خۆم نییە و بەردەوام پێدەكەنم، تەنانەت لە بۆنە خەماوی و پرسەكانیشدا پێكەنینم ناوەستێت و پێم كۆنترۆڵ ناكرێت.

توتار /42 ساڵ/ لەو دیمانەیە باسی لەوە نەكردووە كە ئایا سەردانی پزیشكی كردووە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی یان نا؟ نازانرێ پزیشكان لەبارەی ئەو نەخۆشییە چی دەڵێن، بەڵام دەڵێ تەنانەت لە كاتی قسەی ئاساییشدا پێدەكەنم، بۆیە خەڵكێكی زۆر كاتێك بۆ كاری گۆڕی تایەی ئۆتۆمبێل دێنە لام، بە پێكەنینەكەم پێدەكەنن و دڵخۆش دەبن

دووپاتی كردەوە كە كێشەی گەورەی لە كاتی رووداوە خەماوییەكانە یان لە پرسەكان، بۆیە ئەوەی پێم بكرێت ناچمە پرسەكان، چونكە لەو حاڵەتانەیشدا پێكەنینەكەم پێ كۆنترۆڵ ناكرێت. بۆیە خەڵكی ناوچەكە ناوی "پیاوی پێكەنینهێنەر"یان لێ ناوم.

دواتریش گوتی پێكەنینەكەم بەجۆرێكە، ئەگەر كەشەكە هەرچەندیش گەرم بێت، ناتوانم پێنەكەنم، جاری وا هەبووە پلەی گەرما گەیشتووەتە نزیكەی 60 پلە، كەچی هەر پێدەكەنم، بۆیە لە ژیانمدا نازانم تووڕبوون چۆنە، چونكە هەرگیز تووڕە نابم.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د