بە ڤیدیۆ... بۆ یەكەم جار دەنگی ساتی بەركەوتنی نەیزەك بە زەوی تۆمار كرا

:: PM:10:15:18/01/2025 ‌
كامێراكانی چاودێری لە دوورگەیەكی كەنەدا دەنگی بەركەوتنی نەیزەك بە زەوی تۆمار دەكەن، كە ئەمەیش بە یەكەم تۆماركردنی دەنگی بەركەوتنی نەیزەك دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتی. 

چیڕۆكەكە بەم شێوەیە، دوای ئەوەی لۆرا كیلی و هاوسەرەكەی گەڕانەوە ماڵەوەیان دوای پیاسەیەكی ئێوارانە، بەركەوتنیان لەگەڵ دووكەڵ و بەردی تێكشكاوی نامۆ دەبێت لە رێڕەوی رۆیشتنیان بۆ ژوورەوە، ئەمەیش بەپێی كۆمەڵەی نەیزەكی جیهانی كە ڤیدیۆكەی لەگەڵ راپۆرتەكە بڵاو كردووەتەوە. 

لەو كاتەیدا کە ژن و مێردەكە كامێرای چاودێریی ماڵەكەیان سەیر دەكەنەوە، دەبینن كە شتێكی نامۆ بەر دەرگاكەیان دەكەوێت، كە لە ئەنجامدا دووكەڵ و دەنگێكی بچووكی هاوشێوەی تەقینەوەی لێوە پەیدا بووە. 

ژن و مێردەكە كۆمەڵەی نەیزەك لە زانكۆی ئەلبێرتای كەنەدی لەم رووداوە ئاگەدار دەكەنەوە و "كریس هێیر"ی پسپۆڕ لە بوارەكەیش بە پشكنینی پاشماوەی تێكشكاوەكە بۆی دەردەكەوێت ئەمەی بەر بووەتەوە نەیزەكە. 

كریس هێر لەمبارەوە رای گەیاند، ئەوە بۆ یەكەم جارە مرۆڤ بتوانێت دەنگی كەوتنەخوارەوە و بەركەوتنی نەیزەک لەگەڵ زەوی تۆمار بكات. 

ئەوەی شیاوی باسە، رۆژانە بەردێكی زۆری جیابووەوە لە ئەستێرە و هەسارەكانی تر بەرەو زەوی دێن، بەڵام بەهۆی بەركەوتنیان بە بواری بەرگە هەواوە بارستە و قەبارەیان بچووك دەبێتەوە و بەشێكی زۆریان لێ دەبێتەوە. راپۆرتە زانستییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، رۆژانە بە نزیكەیی 43 تۆن مادەی نەیزەكی بەر بەرگەهەوای گۆی زەوی دەكەوێت و دەسووتێت و ئەوەی دەگات بە زەوی بەشێكی زۆر بچووكی ئەو بەردەیە كە لە ئەستێرە یان هەسارەكانەوە جیا بووەتەوە.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە... 


وشە - پۆڵا مەحموود