ئەگەر ئەم نیشانانەت تێدایە فریای جگەرت بكەوە

:: PM:07:30:05/06/2024 ‌

جگەر خۆی فریاگوزاریی هەموو شوێنێكی جەستەیە و لە هەر لایەک كێشەیەكی هەبێت فریای دەكەوێت، بەڵام ئەگەر خۆی تووشی نەخۆشی بوو، ئەوە هەموو جەستە بەرەو نەخۆشیی مەترسی دەڕوات، بۆیە پێویستە پێش ئەو قۆناغە، نیشانەكانی بزانین.

ڕەنگە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە كە لە خواردنەوە دەیخۆیت، جگەرت تووشی گرفت ببێت، بۆیە پزیشكانی پسپۆڕ دەڵێن، هۆكارەكان وا دەكەن نەخۆشیی چەوریی جگەر، یان ئاوسان و تەنانەت شێرپەنجەش، لەوانەیە لە ڕێی ڤایرۆسێكەوە مرۆڤ تووشی ببێت.

چۆن بزانین گرفت لە جگەرماندا هەیە؟

بەپێی توێژینەوەیەك كە ماڵپەڕی "هۆڤ پۆست"ـی پزیشكی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم پێنج نیشانەیە دەرخەری گرفتن لە جگەردا:

یەكەم، ئەگەر بینیت پێستت یان چاوەكانت زەردباو بوون، ئەوە نیشانەیەكی ڕوونە. پۆپۆ بانینی، مامۆستا لە زانكۆی یێڵی ئەمەریكی دەڵێت، زەردبوونی سپێنەی چاوەكان یان پێست بە گشتی، بە یەكێك لە نیشانە شاراوەكانی نەخۆشییەكانی جگەر هەژمار دەكرێت.

دووەم، میزی خەست، هەندێك جار بەهۆی نەخۆشی لە جگەردا دروست دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو جار ئەوە بێت، ڕەنگە زۆر جار بە زیادكردنی خواردنەوەی ڕێژەی شلەمەنی، بە تایبەتی ئاو، چارەسەر ببێت، بەڵام وەك پسپۆڕانی زانكۆی هاكنساك مێریدیان دەڵێن، بەگشتی ئەوانەی نەخۆشییان لە جگەریاندا هەیە، میزەكەیان خەست و تۆخە.

سێیەم، شڵەژان و زووبیرچوونەوە، یەكێكی ترە لە نیشانەكان. ئەگەر بەگشتی كەسێكیت شتت بیر ناچێتەوە، لەپڕ وەكو دۆخێكی نامۆ وات لێ هات، پێویستە ئاگەداری پزیشك بكەیتەوە.

چوارەم، ئاوسانی قاچەكان یان بنی پێیەكان، یان ورگ، نیشانەی كەمیی كاری جگەرە لە سووڕانی خوێندا و وا دەكات دەمارەكان بە باشی خوێن نەسووڕێنن.

پێنجەم، دەركەوتنی پەڵە و شوێنی سوور وەك بڵێی لێی دراوە یان خێرا تووشی خوێنبەربوون ببیت، مانای وایە ئەو پرۆتینانەى پێویستتە جگەر بە خوێنی ببەخشیت، كێشەی تێدایە.


وشە - عەبدوڵا عومەر