له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ڕێبه‌ریی دوو لایه‌نی حزبی دیموكراتدا كه به كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه ده‌ناسرێت، دوا قۆناغه‌كانی پرسی یه‌كگرتنه‌وه تاوتوێ كرا و باس له‌وه كراوه، هیوابه‌خشن به راگه‌یاندنی كۆتایی پرۆسه‌كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا. سه‌ركرده‌یه‌كی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ڵێ، هیچ له‌مپه‌رێك له به‌رده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌دا نییه.
ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی هه‌ردوو لایه‌نی دیموكرات كه یه‌كه‌میان به حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و دووه‌میان به حزبی دیموكراتی كوردستان ناسراوه، 16 ساڵه له یه‌كتر دابڕاون، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێكردنی دوا قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه، كۆ بوونه‌وه.
میدیای فه‌رمی هه‌ردوو حزبه‌كه راگه‌یاندنێكی هاوشێوه‌یان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه و ده‌ره‌نجامه‌كانی بڵاو كردووه‌ته‌وه، باسیان له‌وه كردووه به‌رپرسانی شانده‌كانی دانوستانكاری دوو لایه‌نی دیموكرات، دوا ڕاپۆرتی خۆیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی وتووێژه‌كان بۆ یه‌كگرتنه‌وه پێشكه‌ش كردووه و وێڕای ئاماژه‌كردن به ده‌ستكه‌وتنی پێشڤه‌چوونی دانوستانه‌كان، باسیان له ورده‌كارییه‌كانی دوا قۆناغی پرۆسه‌كه كرد.
به‌یه‌كه‌وه سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد.
مسته‌فا هیجری لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان، به‌یه‌كه‌وه سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد.
هیجری گوتوویه‌تی به هیمه‌تی هه‌موو لایه‌ك، ریزه‌كانی حزبی دیموكرات ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر یه‌ك، پێداگریشی كردووه به یه‌كخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی حزبی دیموكرات و یه‌كخستنه‌وه‌ی وزه‌ی خه‌باتگێڕی، ئامانجیانه هه‌م قه‌ره‌بووی ئه‌و قۆناغه‌ی دابڕان بكه‌نه‌وه و هه‌م گوڕوتینێكی پتر به جووڵانه‌وه‌ی مافخوازیی گه‌لی كورد بده‌ن.
هاوكات خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان، گوتی "ڕاسته ئێمه دوولایه‌نی حزبی دیموكرات به‌هۆی دابڕانمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌جیا خه‌بات و تێكۆشانمان بووه، به‌ڵام سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ی شێلگیرانه دژی كۆماری ئیسلامی خه‌باتمان كردووه، خاوه‌نداره‌تیمان له پرسی كورد له ئێران و مێژووی پرشنگداری هاوبه‌شمان كردووه، ئێسته‌یش بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد و هه‌نگاوی كاریگه‌ر له سه‌رخستنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ڕیزه‌كانمان یه‌ك ده‌خه‌ینه‌وه.''
له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی حزبی دیموكرات، باس له‌وه نه‌كراوه كه‌ی كۆتاهاتنی دانوستانه‌كان و یه‌كگرتنه‌وه‌ی حزب راده‌گه‌یه‌نن، ته‌نیا باس له‌وه كراوه كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ڕێبه‌ریی دوو لایه‌نی حزبی دیموكرات پاش تاوتوێكردنی دوا قۆناغه‌كانی پرۆسه‌كه، هیوابه‌خشن به راگه‌یاندنی كۆتایی پرۆسه‌كه و یه‌كگرتنه‌وه له داهاتوویه‌كی نزیكدا.
حه‌مه‌نه‌زیف قادری جێگری دووه‌می لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كرا، كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه بوو كه نێوان دوو حزبه‌كه به ئاماده‌بوونی به‌رپرسی یه‌كه‌م و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دانوستانكار، بۆ یه‌كگرتنه‌وه و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزب بووه، ئامانج لێی ئه‌وه بووه سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی دانوستان و به‌ره‌وپێشچوونه‌كان په‌سند بكه‌ن و هه‌رچی زووه به‌ره‌و یه‌كگرتنه‌وه هه‌نگاو بنێن.
هیچ كۆسپێك له به‌رده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌دا نییه
ئه‌و ره‌تی كرده‌وه هیچ كاتێكی دیاریكراو بۆ راگه‌یاندنی یه‌كگرتنه‌وه بخاته روو، به‌ڵام پێداگریی كرد له‌وه‌ی هیچ كۆسپێك له به‌رده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌دا نییه و ده‌بێ هه‌رچی زووه، كۆتایی به‌و قۆناغه بهێنرێت و یه‌كگرتنه‌وه رابگه‌یه‌نن.
له ساڵی 2006 ماوه‌یه‌ك دوای به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی 13 ی حزبه‌كه، ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی حزبه‌كه گه‌یشته لووتكه و به‌و هۆیه‌وه به‌شێك له حزبه‌كه ریزی خۆیان جیا كرده‌وه و به هه‌مان ناوی حزبه‌كه درێژه‌یان به خه‌بات دا. هه‌ردوو لایه‌نی حزب خۆیان به میراتگری حزبه گه‌وره‌كه هه‌ژمار كرد و به‌مه‌ش ناكۆكییه‌كانیان زۆر قووڵ بووه‌وه.
ناكۆكییه‌كانیان نه‌گه‌یشته ئاستی شه‌ڕی ناوخۆیی، دواجار خۆیان بڕیاریان دا دامه‌زراوه‌كانی حزبه‌كه له نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن و هه‌ر كامێكیان درێژه به خه‌باتی خۆیان بده‌ن.
ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه زیانێكی زۆری به بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌یاند، له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش توانا و رێكخستنه‌كانیان دابه‌ش بوون و خه‌ڵكیش له‌و رووداوه نیگه‌ران و تووڕه بوون و كۆماری ئیسلامیی ئێران پێی دڵخۆش بوو.
ئه‌وكات به سه‌تان كادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌تی به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی، له هه‌ر دوو لایه‌ن دوور كه‌وتنه‌وه و به‌شێكی زۆریان روویان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد و به‌شێكیش به دوور له‌و ململانێیه له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ بوون.
هه‌ردوو حزب درێژه‌یان بۆ كۆنگره‌كانی خۆیان دا و ئه‌و باڵه‌ی به باڵی عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده ناسرابوو، پاشكۆی ئێرانی له حزبه‌كه سڕییه‌وه و كه‌مێكیش ده‌ستكاری لۆگۆیان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستان و له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بناسرێنه‌وه. ئه‌وان له ماوه‌ی 16 ساڵی دابڕانیان، ته‌نیا له هه‌ندێك تاكتیكی سیاسی‌دا جیاوازییان هه‌بووه، ئه‌گه‌ر نا نه له دروشمی ستراتیجی و نه له چۆنیه‌تیی داواكاری و خه‌باتیان بۆ به‌دیهێنانی مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هیچ جیاوازییه‌كیان نه‌بووه و هه‌ردوو لایه‌ن پێیان وایه ده‌بێت ئێرانی داهاتوو ئێرانێكی فیدراڵ و دیموكرات بێت و كوردیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مافه‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات.
له 16ی ئه‌م مانگه كه 77 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی حزبه‌كه له مه‌هاباد تێده‌په‌ڕێت
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له ژێر گوشاری خه‌ڵك له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌ردوو لایه‌ن به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون ببنه‌وه یه‌ك حزبی گه‌وره، بۆیه ده‌ستیان به دانوستانی یه‌كگرتنه‌وه كرد كه تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته به‌رده‌وامه، دوو لایه‌نی دیموكرات له زۆربه‌ی پرسه‌كانی نێوانیان رێككه‌وتوون و ته‌نانه‌ت باس له‌وه كراوه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، دوای یه‌كگرتنه‌وه كۆنگره ده‌به‌ستن. هه‌ندێك له ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حزبه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هیوایان ده‌ربڕیوه له 16ی ئه‌م مانگه كه 77 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی حزبه‌كه له مه‌هاباد تێده‌په‌ڕێت، یه‌كگرتنه‌وه رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌مه به‌نده به كۆتاهاتنی دانوستانه‌كان و بڕیاری داهاتووی سه‌ركردایه‌تیی دوو حزبه‌كه‌وه.