شارەزایەك: ئەو هەموو جموجۆڵە دیپلۆماسییە بۆ دانایی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت دەگەڕێتەوە

:: PM:08:52:23/04/2024 ‌

پسپۆڕانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و نووسەر و توێژەران لەبارەی گرنگیی سەردانەكەی دوێنێی سەرۆكی توركیا بۆ هەولێر، دووپات لەوە دەكاتەوە كە هاتنی شاند و بەرپرسی باڵا و سەرۆكانی وڵاتانی دنیا، بۆ لێهاتوویی و بەهێزیی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە.

لەمبارەیەوە محەمەد ئەنوەر، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و چاودێری سیاسی بە"وشە"ی گوت، سەردانی سەركردە بیانییەكان بۆ هەولێر، بەهایەكی دیپلۆماسی و سیمبۆلی گرنگی هەیە، بە واتای دداننانە بە هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاوی كۆمەڵگەی دنیا و هاوبەشێك لە كاروباری نێودەوڵەتیدا.

روونی كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە سەردانانە دەبنە هۆی بەهێزكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكان و برەودان بە هاریكاریی ئابووری و بەهێزكردنی پێوەندییە كولتوورییەكانی نێوان نەتەوەكان، سەردانەكەی ئەردۆغان بە تایبەتی، دووپات لە گرنگیی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، تیشك دەخاتە سەر ئەگەری هاوكاری لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.

"لە نەریتی دیپلۆماسیدا دانانی ئاڵای بیانی لەكاتی سەردانە فەرمییەكاندا، گرنگییەكی یاسایی و سیمبۆلی هەیە كە رەگی لە پرۆتۆكۆڵە دیپلۆماسییە دامەزراوەكاندا هەیە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و فۆرمە دیپلۆماسییە نەریتییەكان، ئەم یاسایە هێمای ناسینەوە و رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی وڵاتی خانەخوێیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە وەك دەربڕینێكی بەرچاو بۆ پێوەندییە دووقۆڵییەكان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان وڵاتی مێوان و وڵاتی خانەخوێ خزمەت دەكات، لەكاتێكدا ئەم جۆرە جووڵانەوانە بە شێوەیەكی ئاسایی بە رەزامەندیی هاوبەش و بەگوێرەی رێسا دیپلۆماسییەكان ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەوان گرنگییەكی یاساییان وەك نوێنەرایەتیكردنی ناسینەوەی دیپلۆماسی و هاوبەشی هەیە، لەبەر ئەوە دانانی ئاڵای بیانی لەكاتی سەردانەكانی سەرۆكی وڵاتان دەتوانرێت لە چوارچێوەی یاسای دیپلۆماسیدا وەك كارێكی نەریتی و رێزگرتنی دیپلۆماسی تەماشا بكرێت"، محەمەد ئەنوەر وای گوت.

لای خۆیەوە حامید گەوهەری نووسەر و توێژەر بە" وشە"ی راگەیاند، هاتنی سەرۆكی وڵاتان بۆ كوردستان، بە واتای كرانەوەی دەروازەیەكی نوێ و دڵخۆشكەر بەرەو كوردستان دێت، هاوكات لە سوود و بەرژەوەندیی كوردستانە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی و سیاسی و فەرهەنگی و دیپلۆماسی لە نێوان ئەو وڵاتە و كوردستاندا.

دووپاتی كردەوە، هەروەها هاتنی سەرۆك و نوێنەرانی وڵاتان و هەبوونی نێردە و كونسوڵگەكان بێئەندازە گرنگە، كە یارمەتیی سەقامگیریی كوردستان دەدات و وا دەكات نێوانی هەرێم و بەغدا بەهێز بێت، حكوومەتی عێراق نەرمی لەگەڵ كوردستان بنوێنێت و بەڵانسی سیاسی لە نێوان هێزە عێراقی و كوردییەكان بە سوودی یەكگرتوویی سیاسی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت.

هەر لەمبارەیەوە هەورامان عەلی تۆفیق، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هاتوچۆی سەرۆك و شاندی وڵاتانی دنیا و ناوچەكە بۆ هەرێمی كوردستان، دەرخەری ئەوەیە كە كوردستان پێگەیەكی گەورە و گرنگ و بەهێزی لە ناوچەكەدا هەیە و هەمووان حیسابی تایبەتی بۆ دەكەن و پێان وایە دەبێت لێی نزیك ببنەوە.

ئەو شارەزایە زیاتر دەڵێت، دروستبوونی ئەو هەموو جموجۆڵە لە ترافیكی نێودەوڵەتی و ئەو پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییە بەهێزەی لە نێوان هەرێم و دنیای دەرەوەدا، بۆ دانایی و لێهاتوویی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە لەرابردوودا گەشەیان بەو پێوەندییە داوە و پاراستوویانە.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل