رێژەكەی زیادی كردووە.. وریای خەوزڕان بن

:: PM:05:18:07/08/2022 ‌

خەوزڕان بریتییە لە شێوانێكی نوستن، تیایدا مرۆڤ ناتوانێت بڕی ئاسایی و پێویستی خەوی شەوانەی هەبێت، هۆكار و كاریگەری گەورەی نەرێنی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، لە ساڵانی دوایی و لەسەر ئاستی دنیا زۆر زیادی كردووە، ئەوەیش بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی و شۆڕشی زانیاری و چالاكی ئابووری و كێبەركێی ژیان و بازاڕی كار و هیتریش.

مرۆڤی ئاسایی شەوانە پێویستی بە دەوروبەری حەوت سەعات خەوتن هەیە، بەڵام كەسانێك لەبەر هۆكاری جیاواز ناتوانن وەك پێویست بخەون، كە یەكێكە لە شێوانەكانی نوستن و تووشی 10 بۆ 30%ی خەڵك لەسەر رووی زەوی بووەتەوە، لە هەندێك وڵات رێژەكەی لە نێوان 50 بۆ 60%یە، زیاتر تووشی ژن دەبێت، هەروەها لە بەتەمەنداچووەكان زیاتر هەیە. 
چەندان كێشەی تەندروستی بەدواوەیە وەك سەكتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە
خەوزڕان دوو جۆرە، كاتی و درێژخایەن، كاتییەكە شەوێك یان چەند هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، درێژخایەنیش چەند شەوێك لەسەر یەك و بۆ ماوەی چەند مانگێك، هۆكاری جیاوازی هەیە وەك ماندووبوون و تێكچوونی كاتی نوستن و زۆر بیركردنەوە و تێكچوونی دەروونی و خەمۆكی و رارایی و نەخۆشی و ئازار و هەندێك جۆر دەرمان. 

لە ئەمەریكا 50 بۆ 70 ملیۆن كەس بەدەست خەوزڕانی درێژخایەنەوە دەناڵێنن، نیوەی دانیشتووانی ئەمەریكا خەوزڕانیان هەیە، ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی دەبن، رەنگە هۆكارەكەی بۆماوەیی بێت، ئەوانەی حاڵەتەكەیان هەیە زیاتر تووشی خەمۆكی دەبنەوە، هەروەها رواڵەكان ئەوانیش تووشی دەبن.

لەوە گرنگتر كەمخەوی و خەوزڕان چەندان كێشەی تەندروستی بەدواوەیە، لەوانە سەكتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە و هەوكردنی لوولەكانی خوێن، بەڵام چالاكیی ناوەندی مرۆڤ، واتە وەرزشكردن و جووڵانەوە و كاركردن، كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەناو دەبات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل