به گوژمه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دینار، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی قیرتاوكردنی شه‌قام له سنووری شاره‌وانییه‌كانی سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، ته‌واو كران.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م نۆی ئاب، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه ته‌واوكراوه‌كان بریتین له پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قام له گوندی كه‌له‌كان، قیرتاوكردنی شه‌قام له شارۆكه‌ی به‌حركه له مزگه‌وتی سه‌ڵاحه‌دین و گۆڕستانی كومه‌ڵگه‌ی به‌حركه، له‌گه‌ڵ قیرتاوكردنی گه‌ڕه‌كی ژین له به‌حركه و قیرتاوكردنی شه‌قامه جیاكراوه‌كانی 189ی عه‌نكاوه.
به ڕێژه‌ی 100٪ ته‌واو كراون
وه‌ك فه‌رمانگه‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، پڕۆژه‌كان به گوژمه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دینار و به ڕێژه‌ی 100٪ ته‌واو كراون، وێڕای ئه‌و پڕۆژانه ئێسته ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی تر له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر له قۆناغی جێبه‌جێكردندان.
له ماوه‌ی رابردوودا، ده‌یان پڕۆژه‌ی تر له سنووری هه‌ولێر جێبه‌جێ كراون كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بودجه‌ی پێویستیان بۆ دابین كراوه.