گواستنەوەی سلێمانی: گواستەوەی گشتی لە ناو شار وێرانە و پێویستە بگۆڕدرێت

:: PM:08:23:10/08/2022 ‌

بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی رای دەگەیەنێت، بەشێكی زۆری ئەو پاسانەی هاووڵاتییان لە ناو شار بۆ بازاڕ و گەڕەك و كۆڵانەكان دەگوازنەوە، خراپ بوونە و تەنیا زیان بە هاووڵاتی دەگەیەنن، ئاماژە دەكات، پێویستە سیستمی گواستنەوە لە ناو شار لە نەفەرەوە بكرێت بە كات، بۆ ئەوەی كێشەی هاتوچۆی ناو شار چارەسەر بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی ئاب، سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، گواستنەوەی گشتی لە ناو شاری سلێمانی وێرانە و لە دۆخێكی خراپدایە، بەشێكی زۆری ئەو پاسانەی كە بۆ هاتوچۆ و گواستەنەوەی هاووڵاتییان بۆ كۆڵان و گەڕەكەكان و بە پێچەوانەیشەوە بەكار دەهێنرێن ، كۆنن و هیچ مواسەفاتێكیان نییە و بوونەتە هۆكاری زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان بەهۆی دوكەڵ و خراپییان.
لە ناو سلێمانی هەزار و 601 پاس هەیە كە سەرو 400 یان مۆدێلیان زۆر كۆنە و هی هەشتاكانن
هەروەها گوتی، ئێستە لە ناو شاری سلێمانی هەزار و 601 پاس هەیە، سەرو 400 پاسیان مۆدێلیان زۆر كۆنە و هی سەردەمی هەشتاكانن، بەشێكیشیان مۆدێلیان لە خوار دوو هەزاروەیە، ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغییەی كە ئێستە لە سلێمانی هەیە، ساڵی دوو هەزار لە هەولێر هەبوو، بەڵام ئەوان هەر زوو چارەسەرەیان كرد، ئەویش بە دروستكردنی شەقامەكانی 100 مەتری و 120 مەتری، كە بەهۆیەوە توانرا زیاتر لە نیوەی جەنجاڵی ناو شار كەم بكەنەوە.

"بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەی ناو شار، پێویستە لایەنی پێوەندیدار كە شارەوانییە، رۆڵی هەبێت و دەست بە لابردنی ئەو گەراجانەی لە سەر شەقامی شەست مەتری لە بەردەم هۆتێل و شوێنەكانی تر دروستكراون بكات، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی شەقامەكە مەودای كەم بێتەوە و ئەو جەنجاڵییە دروست بكات كە هەیە بەتایبەت لە بەیانی و ئێواران، بەڵام شارەوانی ئامادە نییە ئەوە بكات"، . سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی وای گوت.

ئەو بەرپرسەی گواستنەوەی سلێمانی باسی لەوەیش كرد، چارەسەرێكی تر بۆ گرفتی هاتوچۆی گشتی لە ناو شاری سلێمانی ئەوەیە، پێویستە گۆڕانكاری بەسەر سیستمی هاتوچۆ بێت لە نەفەرەوە بگۆڕدرێت بۆ كات، بۆ نموونە، پاسی گەڕەك و كۆڵانەكان كە نەفەر دەگوازنەوە بۆ ناو بازاڕ لە بری ئەوەی چاوەڕێی پڕبوون بكەن، بكرێت بە كات لە هەموو 15 خولەكێك بەڕێ بكەون، ئەوكات هاووڵاتی دەزانێت پاس لە چ كاتێك دەردەچێت، پاس بۆ هەموو شوێنەكان دابین بكرێت، وای لێ دێت ئەوانەی فەرمانبەرن پێویست نەكات ئۆتۆمبێلی تایبەت بەكار بێنن، ئەوكات بە هەزار دینار لە ماڵەوە دەچنە دەوام و لە دەوامەوە بە هەمان نرخ دەگەڕێنەوە، یان ئەوانەی دەچنە بازاڕ و شوێنی تریش، بەمەیش دەتوانرێت گرفتی هاتوچۆی گشتی لە ناو شار چارەسەر بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل