سەرچاوەیەك: یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە

:: PM:06:32:29/09/2022 ‌

دوای ماوەیەك ناكۆكی لەبارەی كاندیدی سەركۆمارەوە، لە چەند هەفتەی دوایی كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەستی پێ كرد، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی عێراق و ناو ماڵی شیعە، سەرچاوەیەك وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو حزب ئاشكرا دەكات. 
لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان كاندیدی سەركۆمار ئامادە دەبێت
سەرچاوەكە روونی كردەوە، بڕیارە كۆبوونەوەیەكی سەرانی پارتی و یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەركۆمار لە هەولێر بێتە سازكردن، پێشبینیش دەكرێن كۆبوونەوەكە بكەوێتە شەمووی داهاتوو، مەبەست لەو كۆبوونەوەیە گەیشتنە بەیەك كاندیدی بۆ پۆستی سەركۆمار و دووبارە نەكردنەوەی سیناریۆی 2018، واتە چوونە ناو پەرلەمانی عێراق بە چەند كاندیدێك، ئاشكرای كرد كە ئەگەر هەیە بە خستنەڕووی هەموو پۆستەكانی كورد و یەكلاكردنەوەیان بەیەك پاكێج.

لای خۆیەوە مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و دیاریكردنی یەكەم جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەردەوامیی دانیشتنەكان، هەنگاوێكە بەرەو چارەسەری تەنگژەی سیاسی و داخرانی هەیە و سەرتای چارەسەرییە.

روونی كردەوە، لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان كۆتایی بە تەنگژەی كاندیدی سەركۆمار لە نێوان پارتی و یەكێتی و هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دێت، ئاشكرای كرد كە پارتی هەڵوێستێكی روونی لەبارەی دیاریكردنی كەسایەتییەكی گونجاو بۆ پۆستەكە دەبێت، بۆیە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان كاندیدی سەركۆمار ئامادە دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل