ئەو جۆرە پیتزایە مەخۆن

:: PM:06:34:24/11/2022 ‌

یەكێك لەو جۆرە خۆراكانەی ئێستە بڵاوە، فاست فودە، كە چەند جۆرێك خۆراك دەگرێتەوە، لەوانە پیتزا كە بە ئامادەكراوی لە چێشخانە و دوكانەكانی فرۆشتنی ئەو جۆرە خۆراكە یان بە بەستوویی لە سوپەر ماركێتەكان هەیە، خواردنێكی زۆر خۆشە، بەڵام زۆر خواردنی زیانی گەورەی بۆ تەندروستی هەیە، چونكە زیاتر پشت بە كاربۆهیدارات و چەوری تێر و زەیتی گەرمكراو و گۆشتی دروستكراو و لەقووتوونراو و هیتریش دەبەستێت.

رەنگە لە هەندێك لە وڵاتان پەنابردنیان بۆ ئەو جۆرە خۆراكە بەهۆی شێوازی ژیان و جەنجاڵی و تەنیایی و نەبوونی بواری ئامادەكردنی چێشت لە ماڵەوە بێت، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئەو خۆراكانە بەئامادەكراوی، شارەزایان دەڵێن خۆراكە ئامادەكراوە بەستووەكان، لەوانەش پیتزا، زیانی گەورەیان بۆ دڵ هەیە.

كروتیكا نانافاتی، شارەزای هیندستانی بواری خۆراك دەڵێت، پێكهاتە دروستكراوەكانی پیتزای بەستوو، مرۆڤ دەخەنە بەر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و كێشەی تریش، كەس نكووڵی لەوە ناكات كە پیتزای بەستوو زۆر بەتامە و ئامادەكردنی ماندووبوونی زۆری ناوێت، بەڵام رەنگە بە تێپەڕبوونی كات تەندروستیت بخاتە مەترسییەوە.  

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، پێكهاتەكانی ئەو جۆرە پیتزایە ناتەندروستە، لەوانە گۆشتی دروستكراو و پەنیری تەواو چەور و سۆسی شیرین، ئەوانەش بە چەوری و كالۆری دەوڵەمەندن و هیچ بەهایەكی خۆراكیشیان نییە و بۆ تەندروستی دڵ كارەساتن، بۆیە رەنگە خواردنی لەتێك پیتزا نەتكوژێت، بەڵام خواردنی بەردەوامی ئەو جۆرە پیتزایە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن زیاتر دەكات. 

وەك شارەزایەكە دەڵێت، هەموو پێكهاتەكانی پیتزای بەستوو بە چەوری تێر و سۆدیۆم دەوڵەمەندن، ئەوانەیش لە حاڵەتی زۆر خواردنیان زیانیان هەیە، بۆیە خواردنی گۆشتی دروستكراو مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و سەكتەی مێشك زیاتر دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل