عێراق لەسەر دەریایەك نەوتە.. بۆچی بەرهەمێنان زیاد ناكات؟

:: PM:08:18:24/11/2022 ‌

عێراق لەسەر دەریایەك نەوتە و چەند جارێك پلان بۆ ئەوە هەبووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنرێتە 13 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش لە بەرهەمهێنانی سعوودیە زیاترە، كە لە پلەی یەكەمە لەناو ئۆپێك بە بەرهەمهێنانی نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام گەندەڵی حزبەكانی دەسەڵات و میلیشیاكان و خراپی ئیدارەدانی كەرتی نەوت، رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە بن، ئاخۆ بەرهەمی نەوتی عێراق بۆچی زیاد ناكات؟

بەرپرسانی عێراق دەڵێن، پلانیان هەیە بەرهەمهێنانی نەوت بگەیننە ئاستێك، راستەوخۆ كێبەركێی سعوودیە بكەن، كە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو ئۆپێكدا، چونكە ئاستی ئێستەی بەرهەمی نەوتی عێراق لەگەڵ  قەبارەی یەدەگی نەوتییەكەی ناگونجێت، ئەو هەوڵانەی حكوومەتەكانی دوایی عێراق درێژكراوەی هەوڵێكی پێشتری سەدام حوسێن بوو، كاتێك پێش شەڕی كوێت پلانێكی راگەیاند بە زیادكردنی بەرهەمی نەوتی عێراق بۆ ئاستێكی زۆر، بەڵام بەهۆی گەمارۆ و شەڕ دوا خرا، تا لە 2003 بەیەكجاری لەبیر كرا، ئەوەش بەهۆی رۆتین و گەندەڵی حزبەكانی دەسەڵات و میلیشیاكانیان.

عەلا یاسری، سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆی سەر بە حكوومەت بەم دواییە چەند لێدوانێكی لەو بارەوە دا، ئەو بیرۆكەی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی زیندوو كردەوە، بەو شێوەیەیە لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوتی عێراق بگونجێت، ئاماژەی كرد كە عێراق دەیەوێ لە 2027 رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێت، بەڵام تا ئێستە دیار نییە ئەو قسانەی یاسری وەك ئەوانەی پێشوو تەنیا بەڵێن دەمێننەوە یان نا؟

وەك كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی عێراق دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، بەڵام لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو رۆژانە 4,651 بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، ئێستەش عێراق دەیەوێ لە هەردوو كیڵگەی رمێلە و رۆژئاوای قورنە2 بەرهەمی رۆژانە زیاد بكات، بۆیە دەكرێ بێ كێشە بەرهەمی رۆژانە زیاد ببێت.

سیمۆن واتكینز، نووسەر لە ماڵپەڕی "ئیڵ پرایس"ی ئەمەریكی و پسپۆڕ لە پرسەكانی تایبەت بە وزە هۆكاری ئەوەی تا ئێستە عێراق نەیتوانیوە رۆژانە بڕی 13 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێت، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە زۆرێك لە بەرپرسە باڵاكانی عێراق لەوانەی بەسەر كەرتی نەوتدا زاڵن، وا سەیری پیشەسازی نەوت دەكەن وەك ئەوەی بەشێك بێت لە سندووقی داهاتی كەسی خۆیان.

 لە دوای 2003ەوە ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی جیهانی بەهۆی گەندەڵی و دۆخی تەناهییەوە عێراقیان جێ هێشتووە، لەوانە "ئیكسۆن مۆبیل"، ئەوەش بەهۆی ترسانیان لە زەرەر و زڕانی ناوبانگیان، رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش لە ماوەی چەند ساڵێك لە راپۆرتەكانی رووناكی خستە سەر قەبارەی گەندەڵییەكانی عێراق، بەپێی راپۆرتەكان، بەهۆی پرۆسەی گەورەی دزی و سپیكردنەوەی پارە و قاچاخی نەوت و بەرتیل و بیرۆكراسی فرەوان، عێراق گەیشتووەتە ژێرەوەی لیستی پۆلێنی گەندەڵی نێودەوڵەتی، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی سیاسی و بەربەست لەبەردەم بنیاتنانی دەوڵەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان. 

راپۆرتەكە باسی دەستوەردانی سیاسی لە دەستەكانی نەهێشتنی گەندەڵی و بەسیاسیكردنی دادگە و دادوەرەكان و لاوازیی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و نەبوونی ئاسیش و كەمیی یاساكان و ناتەواویان، هەموو ئەوانە توانای حكوومەتیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەشەنەسەندوو كەم كردەوە.

لە 2013 عێراق پلانێكی ستراتیجی دانا بە زیادكردنی قەبارەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بۆ 13 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش تا ساڵی 2017 و بۆ ماوەی پێنج ساڵ وا دەبێت و دوای ئەوە بە هەنگاو بۆ 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كەمی بكاتەوە، لەوكاتەی سناریۆی ناوەندی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت دەگەیشتە نۆ ملیۆن بەرمیل و خراپترین سیناریۆش شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە توێژینەوەیەكی وردی كۆمپانیای "پیترۆلۆگ"ی بواری نەوت و غاز، لە 1997 ئاماژە كراوە كە قەبارەی سامانی نەوتی عێراق ئەوەی تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە، 215 ملیار بەرمیل دەبێت.

ئێستە دۆخەكە وەك ئەوە وایە رێككەوتنێكی وڵاتانی ناوچەكە و هێزە سیاسییە باڵادەست و میلیشیاكان هەبێت، بەوەی نابێت قەبارەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق، واتە نەوتی فرۆشراوی فەرمی و ئاشكرا و بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لەو بڕەی هەیە زیاتر بێت، كەچی نەوتی بەرهەمهێنراو و بە قاچاخ بردراو زۆر لەوە ژمارانە زیاترن.

ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە زۆر زیاد دەكا و دەرچوو و گەنجێكی زۆر دێنە ناو بازاڕی كار، ئەوەش پێویست بە زیادكردنی بەرهەمی نەوت دەكات، كە رەنگە هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكان ئەوەیان نەوێت، بۆیە ئەوە هۆكارێكی تری بێزاری خەڵكە، بەتایبەتی گەنجان و ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەكان تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتی كە داهاتەكەی تەنیا لە ژمارە دیارە و دیار نییە لە چی و چۆن خەرج دەكرێت؟  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل