كێشەی كەمی ئارد چارەسەر كرا

:: AM:10:14:25/11/2022 ‌
وەزارەتی بازرگانی عێراق لەرێی گرێبەستێك لەگەڵ چەندین بنكەی دانەوێڵەی جیهانی بۆ كڕینی گەنم واژوو كردووە بەمەیش گەنمی چەند مانگی داهاتوو بۆ كردنە ئارد چارەسەر كرد.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق هاتووە، لیژنەی گرێبەستكارەكان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەگەڵ چەند بنكەیەكی دانەوێڵە گرێبەستیان كردووە بە كڕینی 200 هەزار تۆن گەنمی ئوستوراڵی، 100هەزار تۆن گەنمی كەنەدی بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتییان.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو لیژنە تایبەتمەندی گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق 650 هەزار تۆن گەنم لە بنكە جیهانییەكان كڕیووە، ئەمەش لە پێناو دابینكردنی پێداویستی خۆراكی مانگەكانی سەرەتای ساڵای داهاتووی هاووڵاتییان عێراق.

ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە لە كاتێكە لە ماوەی مانگی رابردوو عێراق رای گەیاند تەنیا گەنمی یەك مانگ بۆ بەشە ئارد ماوە و پێویستە بۆ شەش مانگی داهاتوو گەنم بكڕن ئەوەیش بەهۆی وشەكەساڵی ئەمساڵ نیوەی گەنمی ساڵانی رابردوو چووەتە سایلۆكان.

لە عێراق بۆ هەر مانگێك هاووڵاتیی بڕی نۆ كیلۆ ئارد وەر دەگرێ‌، ئەمەیش لەپێناو ئاسایشی خۆراك و پاراستنی هاووڵاتییە لە برسیەتی.



وشە - رامیار جەواد