واشنتن هه‌ڵمه‌تێكی نوێی له‌ دژی په‌كین راگه‌یاند

:: AM:11:10:26/11/2022 ‌
 واشنتن فرۆشتنی ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كانی كۆمپانیا چینییه‌كانی قه‌ده‌غه‌ كرد، ئه‌ویش به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا .

ڕۆژی هه‌ینی 25ی تشرینی دووه‌م، ئیداره‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هاورده‌کردنی ئامێره‌ نوێیه‌كانی پێوه‌ندیكردن له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواوی و ZTI ی چینی قه‌ده‌غه‌ كرد. چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا دروست ده‌كات .

كۆمسیۆنی پێوه‌ندییه‌ فیدراڵییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، فرۆشتن و هاورده‌كردنی بەرهەمەکانی كۆمپانیاكانی "داهوا" ته‌كنه‌لۆجیای دروستكه‌ری ئامێری چاودێری و كۆمپانیای "هیكڤیشن" بۆ ته‌كنه‌لۆجیای دیجیتاڵی، ئامێری ڤیدیۆیی چاودێری و كۆمپانیای "هیتێرای -  Hytera " ئامێری گواستنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی قەدەغە کردووە.

هواوی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چین،تۆمەتبار دەکرێن بە سیخوری خستنە سەر ئەمەریکا

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ڕۆیته‌رز، وڵاتانی ڕۆژئاوایی، چین و هواوی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای 5G  ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ سیخوڕی .

ئه‌م هه‌نگاوه‌ دواین هه‌ڵمه‌تی سه‌ركوتكردنی واشنتنه‌ بۆ سه‌ر كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆجییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی چین، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌كین كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆجییه‌ چینییه‌كان، به‌كار بهێنێت بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان.

جێسیكا ڕۆزنڤۆرسێل سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی پێوه‌ندییه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند، "ئه‌م یاسا نوێیانه‌ به‌شێكی گرنگن له‌ ڕێوشوێنه‌ به‌رده‌وامه‌كانمان، بۆ پاراستنی گه‌لی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی پێوه‌ست به‌ پێوه‌ندییه‌كان".

هواوی ڕه‌تی كرده‌وه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچ لێدوانێك بدات، هه‌روه‌ها كۆمپانیای ZTI، Dahua، Hikvision و Hytera وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییانه‌یان نه‌دایه‌وه‌ كه‌ داوای لێدوانیان لێ ده‌كرا .

جێی سه‌رنجه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، كۆمپانیایه‌كی چینی به‌ناوی Huawei Technologies Co. خسته‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها كڕینی هێڵه‌كانی پێوه‌ندی له‌ ئه‌مه‌ریكا و ته‌كنه‌لۆجیای گرنگیی تر بۆ به‌رهه‌مه‌كانی كۆمپانیاكه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئێسته‌ هواوی ڕێیه‌كی تری دۆزیبێته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ سنوورداركردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.


وشە - كەژاڵ كەمال