ئومێد سەباح: بە فەرمانی مەسروور بارزانی گەیشتینە بەغدا

:: PM:10:30:10/12/2022 ‌
شاندی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتنە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر کێشەکان دەست پێ دەکەنەوە. 

د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رای گەیاندووە، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چووینە بەغدا بۆ  چارەسەرکردنی کێشەھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

روونیشی کردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن لە چوارچێوەی دەستوور بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر لەسەر پرسەکانی، مادەی 140 و بودجە و دۆسیەی نەوت و گاز و شایستە داراییەکانی ھەرێم.

هەرێمی كوردستان و عێراق كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپەسێردراویان هەیە كە خۆی لە یاسای نەوت و غاز، بابەتە فیدراڵییەكان، مادەی 140 و ناهاوسەنگی لە سوپا و نەدانی شایستە داراییەكانی كوردستان و جێبەجێنەكردنی دەستووردا، خۆی دەبینێتەوە.  

لە ماوەی رابردوودا رێككەوتنێك لە نێوان هەردوو لا كراوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە و بەو مەرجە كورد رازی بوو بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، تا ئێستەیش وەك سەرەتا، هەردوو حكوومەت گوتەكانیان ئەرێنی لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د