بەغدا چۆن پارەی تەواوكەری مووچە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات؟

:: PM:05:36:06/02/2023 ‌

لە دوای 2003ەوە تا ئێستە، سەرەڕای ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراقە و رۆڵی گەورەی لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی بەعس و داڵدەدان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بە شیعە و لیبراڵەكانەوە هەبوو، بەشدارێكی كارای پێكهێنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوورە هەمیشەییەكەی بووە، بەڵام چەندان كێشەی لەگەڵ بەغدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە سەرانی سیاسی عێراق، بە سوننە و شیعەوە، نەیانتوانی خۆیان لە لاگیری  و گوێڕایەڵی بۆ بڕیار و رێنوێنییەكانی وڵاتانی دراوسێ رزگار بكەن و مافی یاسایی و دەستووری كورد بدەن و عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدراڵی بەرجەستە بكەن.

كێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، كە پێویستە بەشێكی تایبەتی بێت لە بودجەی ساڵانەی عێراق، بە بەردەوام لەكاتی پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن هێز و پەرلەمانتارانی شۆڤینی و تایفییەوە لە پەرلەمانی عێراق بەربەست و كێشەی بۆ دروست كراوە، ئەوەشی كێشەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە و هەڵوێستی هەریمی لاواز كردووە، ئاراستەی كاری بەشێك لە نوێنەرانی كورد بووە لە بەغدا، كە ئاگرەكەیان خۆشتر كردووە و زیاتر هانی بەغدایان داوە مافی دارایی هەرێم رەوانە نەكات، بۆیە هاووڵاتییانی هەرێم بوونەتە قوربانی پلە یەكی ئەو دۆخە و ساڵانێكە كێشەی دواكەوتنی مووچەیان هەیە.

حكوومەتی نوێی عێراق لە 27ی تشرینی یەكەمی رابردوو لە دوای سەردانی شاندێكی باڵای هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ هەولێر و سازكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ سەركردایەتی كورد، متمانە لە پەرلەمان پێ درا، یەكێك لە خاڵەكانی ئەو رێككەوتننە سیاسییە رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجە بوو، كە دادگەی فیدراڵی عێراق لە 25ی كانوونی دووەمی رابردوو بە بڕیارێكی سیاسی هاتنی قەدەغە كرد، ئەوەش دوای ئەوەی حكوومەتی نوێی عێراق بڕیاری رەوانەكردنی 400 ملیار دیناری وەك تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ دوو مانگی ساڵی رابردوو دا، كە ئەوە وای كرد ئەو پارە نەگات.
هاتنی ئەو بڕە پارەیە زەحمەتە، بەڵام دوای پەسندكردنی بودجە كێشەكە چارەسەر دەبێت
عەلی مەشكوور، پەرلەمانتاری شیعە دەڵێت، رەوانەنەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان و برسیكردنی فەرمانبەرانی كارێكی سەختە، بۆیە پێویستە چارەسەرێك بۆ مسۆگەری رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێم لە دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ بدۆزرێتەوە، زیاتر گوتی، ئەگەرچی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ پابەندی تیادایە، بەڵام رەوانەنەكردنی پارە بۆ هەرێم بۆشایی نێوان ناوەند و هەرێم زیاتر دەكات، بۆیە هانی حكوومەتی فیدراڵی دەدەین كە شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم بە وەجبە رەوانە بكات، چونكە ئەوانیش هاووڵاتی عێراقین.

لای خۆیەوە نەبیل تەمیمی، توێژەری سیاسی دەڵێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە حكوومەتی ناوەند دەتوانێت پارە بەشێوەی قەرز بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات، بەوەش ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی كراوە جێبەجی دەكرێت، هاوكات پێشێلی یاسا و بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵیش ناكرێت.

لەو بارەوە د. ماجد شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیوكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێ بەهەر شێوەیەك بێت كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا نەمێنێت، بۆیە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كراوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و یاسای نەوت و غاز.

زیاتر گوتی، سوودانی لە دیدارێكی لەكاتی سەردانی بۆ ئەڵمانیا رای گەیاند، لە یاسای بودجە كێشەی رەوانەكردنی پارە بۆ هەولێر چارەسەر دەبێت، هاوكان كێشەكان لەگەڵ دادگەی فیدراڵ بە پەسندكردنی یاسای نەوت و غاز چارەسەر دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بۆیە نیاز و ویست هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانە، بەڵام بەو ئاسانییەش نییە، چونكە هەر چارەسەرییەكی تەواو پێویستی بە رەزامەندی هەموو لایەنەكان هەیە، چونكە هەر ناڕەزایەتییەك لە دادگە تانە لە چارەسەرییەكە دەدرێت، بۆیە ئەوە هەوڵێكی ئەرێنییە، بەڵام سەردەگرێت یان نا، ئەوە ئاسان نییە.

سەبارەت بەو زانیاریانەی كە لە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵ، سوودانی پێشبینی بۆ سەرانی چوارچێوەی شیعە كردووە بەوەی بە قەرز پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات تا كاتی پەسندكردنی بەدجەی 2023، شنگالی روونی كردەوە، ئەو پێشنیازە پێشتریش كراوە، كە ئەو بڕە پارە وەك سولفە رەوانە بكرێت تا كاتی پەسندكردنی بودجەی 2023، وەك مەقاسەیەك لەناو بودجە بكرێت، ئەوە پێش حكوومەتی سوودانیش هەبووە، چارەسەركردنی هاتنی ئەو بڕە پارەیە زەحمەتە، بەڵام ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق پەسند كرا ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت، بەتایبەتی بە بوونی رێككەوتنێكی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل