رۆماننووسێكی دیاری عێراقی كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:07:21/03/2023 ‌

شەوی رابردوو هونەرمەند و رۆماننووسێكی ناوداری عێراقی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. سەرۆك وەزیرانی عێراقیش هاوخەمی خۆی بۆ ئەدیب و ئەدەبدۆستان رادەگەیەنێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو، هونەرمەندی شێوەكار و رۆماننووسی عێراقی عەبدولڕەحمان مەجید روبێعی، بەهۆی نەخۆشیی درێژخانەیەوە كۆچی دوایی كرد.

بەهۆی مردنی ئەو رۆماننووسە زۆربەی ئەدیبانی عێراق و لەناویاندا یەكێتیی ئەدیبانی عێراق، پرسەی بۆ دەگێڕن و یەكێتییەكە رای گەیاندووە كە مرددنی روبێعی، بۆشایی لە ئەدەب و رۆشنبیریی عێراقیدا دروست دەكات.

لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لە بەیاننامەیەكدا، هاوخەمیی خۆی بۆ ئەدیبان و ئەدەبدۆستان راگەیاندووە و گوتوویەتی، ئەدەبی دنیای عەرەبی بەمردنی روبێعی، یەك لە هێماكانی لە دەست دا كە رۆڵێكی داهێنەرانەی لە رۆمان و چیرۆك و شیععر و هونەری شێوەكاریدا هەبووە. هاوكات پرسەی بۆ خێزانەكەی ناردووە.

عەبدولڕەحمان مەجید روبێعی لە ساڵی 1939 لە شاری ناسرییەی باشووری عێراق لە دایك بووە، شێوەكار و نووسەر و رۆماننووسێكی بەتوانا بووە، ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان لە بەشی شێوەكاریی تەواو كردووە. ئەندامی یەكێتیی ئەدیبان و رۆژنامەنووسانی عێراقە. یەكەمین كتێبی كە بڵاوی كردەوە "السیف و السفینە" بوو. نزیكەی 40 كتێبی لە نووسین و چیرۆك و رۆمان بڵاو كردووەتەوە. جیا لەوەی چەند پێشانگەیەكی شێوەكاریی كردووەتەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د