له‌ كاتی كڕینی بزوێنه‌رێكی ده‌ستی دوو چۆن ده‌یپشكنی؟

:: AM:11:09:23/05/2023 ‌

حاڵه‌ت هه‌یه‌ بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێله‌كه‌مان له‌ كار ده‌كه‌وێت و ناچار ده‌بین بزوێنه‌رێكی نوێ یان ده‌ستی دوو ''نیوداش'' بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌مان بكڕین، له‌و حاڵه‌ته‌دا چی ده‌كه‌ین و چۆن پشكنین بۆ بزوێنه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ین؟.

مام فایه‌ق شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل، بۆ ''وشه‌'' گوتی، زۆرجار داوامان لێ ده‌كرێت كه‌ سه‌یری بزوێنه‌رێك بكه‌ین بزانین باشه‌ یان نا؟ خۆی كاره‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ نییه‌ و وه‌ستا و فیته‌ره‌كان 100% نازانن كێشه‌ی چییه‌ تا به‌ ته‌واوه‌تی نه‌به‌سترێت و ئیشی پێ نه‌كرێت.

به‌ڵام چه‌ند پشكنینێكی سه‌ره‌تایی هه‌ن، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئایا ئه‌م بزوێنه‌ره‌ به‌ كه‌ڵك دێت یان نا و تا چه‌ند پاكه‌:

- بادانی ده‌می بزوێنه‌ره‌كه‌ به‌شێوه‌ی میلی سه‌عات، تا بزانی هیچ كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌ یان نا.
- سه‌یركردنی راڕه‌وی ئاو تا بزانی تا چه‌ند كلسی كردووه‌، ئه‌گه‌ر زۆر بوو، ئه‌وا كێشه‌ی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نا بێ عه‌یبه‌.
- سه‌یری قایشی بزوێنه‌ره‌كه‌ بكه‌ بزانه‌ له‌ هیچ شوێنێك ته‌قیوه‌ یان خراپ نه‌بووه‌ و تا چه‌ند هیلاكه‌.
- سه‌یری قه‌لفه‌كان ده‌كه‌یت ''هه‌ردووك وه‌لفی سارد و گه‌رم'' پشكنینی بۆ ده‌كه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت تا چه‌ند كاربۆن یان چه‌وریی پێوه‌یه‌.
- دواتر سه‌ره‌ قه‌پاغی رۆن ده‌كه‌یته‌وه‌ تا بزانیت تا چه‌ند رۆنی پێدا سووتاوه‌، دواتر شیشی رۆنه‌كه‌ سه‌یر ده‌كه‌یت، به‌مشێوه‌یه‌ ده‌زانیت ناو بزوێنه‌ره‌كه‌ پاكه‌ یان نا.
- له‌ هه‌مووی گرنگتر رێڕه‌وی فلته‌ری رۆن سه‌یر ده‌كه‌یت تا بزانی تا چه‌ند ئه‌م رێڕه‌وه‌ پاكه‌.
- دوای ئه‌مانه‌ له‌لای كه‌سێكی شاره‌زا پشكنین بۆ لێچوونی ئاو و رۆن ده‌كه‌یت تا بزانی بزوێنه‌ره‌كه‌ له‌ كوێ لێچوونی هه‌یه‌.
- له‌ هه‌مووشی گرنگتر، ئه‌وه‌ بزانی بزوێنه‌ره‌كه‌ كرابێته‌وه‌ یان نا، چونكه‌ ئه‌مه‌ كوالێتی و نرخی بزوێنه‌ره‌كه‌ دیاری ده‌كات.

ئه‌مانه‌ی باسمان كرد، پشكنینی سه‌ره‌تایین و ده‌بێت ئه‌م كاره‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن، به‌ڵام كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بزوێنه‌ره‌كه‌ باش و پاكه‌، ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ به‌ستت و به‌بێ هیچ گرفتێك كاری كرد، زۆرجاریش هه‌یه‌ ئه‌و پشكنینانه‌ی بۆ ده‌كه‌یت كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كردووه‌ و هه‌ر كێشه‌شی ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ وردی و به‌ ئاگاوه‌ سه‌یری بكه‌یت.




وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان