پاراسیتامۆل چۆن كار لە رەگەزی كۆرپەلە دەكات؟

:: PM:05:49:28/05/2023 ‌

لە ماوەی دواییدا زانیارییەك هاتە بڵاوكردنەوە بەوەی وەرگرتنی حەبی پاراسیتامۆل لە لایەن ژنی دووگیانەوە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دەركەوتنی تایبەتمەندیی مێینە لای كۆرپەلەی نێر، پزیشكێكی شارەزا ئەو زانیارییە رەت دەكاتەوە.

د. حوسێن رەحال، پزیشكی پسپۆڕی لەدایكبوون و نەخۆشییەكانی ژنان دەڵێت، تا ئێستە بوونی پێوەندی لە نێوان خواردنی بڕی ئاسایی پاراسیتامۆل و شێوانی كۆرپەلە یان گۆڕانكاری لە تایبەتمەندییەكانی نەسەلمێنراوە.

روونی كردەوە لە توێژینەوەكان سەرەتا تاقیكردنەوە لەسەر مشك لە تاقیگە كراوە و ئەو بڕە پاراسیتامۆلەی بەكار هاتووە، سێ هێندی ئەوەیە كە مرۆڤ وەری دەگرێت، ئەوەش ئاساییە كە كاریگەری لا بەلای هەبێت، لەوانە بەمێینەكردنی هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی كۆرپەلەی نێر، واتە بەكارهێنانی پاراسیتامۆل بە بڕی ئاسایی كاریگەری لا بەلای نییە.

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، بەكارهێنانی پاراسیتامۆل لە لایەن ژنی دووگیانەوە 100% سەلامەتە، بەگشتی ئەوان دەتوانن لە سنووری دیاریكراو بۆ هەر كەسێكی ئاسایی وەری بگرن و كاریگەری خراپی نابێت. 

ئەو پزیشكە ئاماژەی كرد  كە لە رووی كاریگەرییەوە دەرمانەكان دەكرێنە پێنج بەش، یەكێكیان بەتەواوەتی سەلامەتە، ئەگەر بە بڕی ئاسایی و بە رێنوێنی پزیشكی وەربگیرێت، یەكێكیشیان شێوانی كۆرپەلەیی دروست دەكات، بۆیە پێویستە بەگشتی پێش وەرگرتنی هەر دەرمانێك وریایی هەبێت و راوێژی پزیشكی بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل