له‌كاتی گه‌رمبوونی بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێل چی بكه‌ین؟

:: AM:10:15:29/05/2023 ‌

یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین گرفته‌كان كه‌ تووشی ئۆتۆمبێل ده‌بێ به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی گه‌رمدا، به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بزوێنه‌ره‌ ''به‌رزبوونه‌وه‌ی حه‌ماوه‌ی ئۆتۆمبێل''، به‌گشتی هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی حه‌ماوه‌ زۆره‌، به‌ڵام چی بكرێت باشه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو تووشی حاڵه‌تێكی وا بوویت؟.

كاروان ره‌زا شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل و ڕۆنگۆڕ، بۆ ''وشه‌'' گوتی، به‌رزبوونه‌وه‌ی حه‌ماوه‌ی ئۆتۆمبێل به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزه‌ تا هاوینیش ته‌واو ده‌بێ، تووشی زۆرمان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا له‌ ته‌مه‌نی بزوێنه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش پشتگوێی بخه‌یت، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ نیو سه‌عات، بزوێنه‌ره‌كه‌ت ده‌سووتێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ڵكی چاككردنه‌وه‌ی نامێنێت.

چی هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی حه‌ماوه‌یه‌:
له‌ وه‌ڵامدا گوتی، هۆكاری زۆرن، به‌ڵام ده‌كرێت له‌م چه‌ند خاڵه‌ كورت بكرێنه‌وه‌، ''زیادبوونی لۆد و په‌ستان له‌سه‌ر بزوێنه‌ره‌كه‌، له‌كاركه‌وتنی ڕادێته‌ر یان پانكه‌ی ڕادێته‌ر، به‌باشی كارنه‌كردنی سیستمی ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل ''Cooling system'' و خراپبوونی سێنسه‌ری پێوانه‌ی پله‌ی گه‌رمی''.

كاتێك بزوێنه‌ر گه‌رم ده‌بێت چی بكرێت باشه‌:
- ئه‌گه‌ر سیستمی ساردكه‌ره‌وه‌ داگیرسابوو و بینیت له‌ داشبۆڕد گێچی حه‌ماوه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، زوو ساردكه‌ره‌وه‌كه‌ بكوژێنه‌وه‌، چونكه‌ كۆمپرێسه‌ری سیستمه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆ له‌ بزوێنه‌ر ده‌كات، به‌مه‌یش بزوێنه‌ره‌كه‌ گه‌رم ده‌بێت.

- دواتر به‌زووترین كات شوێنێكی گونجاو بدۆزه‌وه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ڕابگره‌، بۆنیت هه‌ڵده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئاوت لابوو، ڕادێته‌ره‌كه‌ی پێ سارد بكه‌وه‌ تا به‌ ته‌واوه‌تی پله‌ی گه‌رمی بزوێنه‌ره‌كه‌ داده‌به‌زێت.

- ده‌رگاكانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بكه‌وه‌ و سیستمی گه‌رمی داگیرسێنه‌ تا هه‌وای گه‌رمی ناو بزوێنه‌ر بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌م ڕێیه‌ ورده‌ ورده‌ پله‌ی گه‌رمی بزوێنه‌ر داده‌به‌زێت.

- ئه‌گه‌ر به‌م ڕێیانه‌ پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ دانه‌به‌زی، ئه‌وا پێویسته‌ پێوه‌ندی بكه‌یت به‌ شاره‌زایه‌ك و بێت گرفته‌كه‌ت بۆ چاره‌سه‌ر بكات.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان