لە شنۆ 111 پارچەی شوێنەواری دۆزرانەوە

:: PM:07:34:02/06/2023 ‌
لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تیمەکانی شوێنەوارناسی توانیان 111 پارچەی شوێنەواری بدۆزنەوە کە مێژووەکەیان بۆ حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

رووناک تاسا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ''شوێنەواری کلتووری و پیشەسازی دەستی و گەشتوگوزار''ی شنۆ رای گەیاند لە وەرزی دووەمی گەڕان بەدوای شوێنەوارەکانی بەنداوی چەپەراوێی شارەکە، دوای یەک مانگ گەڕان توانراوە 111 پارچەی شوێنەواری بدۆزنەوە کە بۆ سەردەمە جیاوازەکانی بەردینی، مسی و ئیسلامی دەگەڕێنەوە.

ناوچەکانی کۆنە سۆفیان، چەپەراوێ، شێخ ڕەش و کانی وشتران ئەو شوێنانەن کە پشکنینی شوێنەوارییان تێدا ئەنجام دراوە. زیاتر لەو شوێنانە کار دەکرێ کە بەر بەنداوی چەپەراوێ دەکەوێت و دوای گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوە، ناوچە شوێنەوارییەکان نوقمی ئاو دەبن.

پشکنینەکە لە لایەن پێنج تیمی تایبەتی کراون کە لە لایەن وەزارەتی ''شوێنەواری کلتووری و پیشەسازی دەستی و گەشتوگوزار''ەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.

بەگوێرەی ''ئیرنا'' دەفر  و چەندان شتی تر دۆزراونەتەوە کە بۆ مۆزەخانە گواستراونەتەوە. ئەو شوێنەوارەی بەنداوی چەپەراوێ دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان بێ بۆ شوێنەوارناسان بۆ ئەوەی بە زانیاریی  مێژوویی زیاتر بگەن چونکە ئەوەی دۆزراوەتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

شنۆ خاوەنی 110 ناوچەی شوێنەواری و مێژوییە
شنۆ خاوەنی 110 ناوچەی شوێنەواری و مێژوییە و لە گرنگترینیان گردی قەڵاتۆک، کێلەشین، نووسراوە بزمارییەکانی عەینەڕۆم،  گۆڕستان مارئیبراهیم، سەوجە، گوندەوێڵە، حەسەن نووران، مەلا ئەحمەد و سیاوانە.

لەو 10 نووسراوە گرینگەی سەردەمی ئۆرارتووییەکان کە تا ئێستە دۆزراونەتەوە پێنجیان لە شنۆ دۆزراونەتەوە و ئەمەش دەری دەخات بە هەزاران ساڵ پێش زاین لەو ناوچەیە ژیان هەبووە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێ بەشی زۆری ئەو پارچە شوێنەوارییانەی کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدۆزرێنەوە لە جیاتی ئەوەی هەر لە مۆزەخانەی ئەو شارانە بپارێزرێن، بۆ شارەکانی ناوەند دەگوازرێنەوە و بەشێکیشی بە تاڵان دەبردرێت و  هەندێک جار مێژووەکەشیان دەشێوێنرێت.







وشە - سلێمان تاشان