"دەبووایە یەكێتی پێش هەموو لایەنێكیتر بەرگری لە هەرێمی كوردستان كردبایە"

:: PM:08:52:10/06/2023 ‌

لەم چەند هەفتەی دواییدا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر دابڕانی لە كۆدەنگی و یەكگوتاری كورد لە عێراق دووپات كردەوە، دوای ئەوەی لە هەرێم كێشەی بۆ كاری حكوومەت و هەڵبژاردن دروست كرد، ئێستە لە داڕشتن و دەنگدان لەسەر مادەكانی پێوەست بە بودجەی هەرێم رۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕێت، شارەزایەك پێی وایە دەبوایە یەكێتی پێش هەموو لایەنێكی تر بەرگری لە ماف و قەوارەی هەرێم بكردایە.‎‎

نووسەر و چاودێرێكی سیاسی باس لەوە دەكات كە هەموو مافێكی نەتەوەییمان پێوەستە بەم قەوارەیەوە، هەروەها پێویستە پێش هەموو لایەنێك یەكێتی بیر لە بژارەی تێكدانی قەوارەی هەرێم نەكاتەوە و بەرگری لەم قەوارەیە بكا و  رێگر بێت لەوەی هەر لایەنێك بیەوێ پەنا بەرێت بۆ كارێكی لەو جۆرە و بەرپەرچی بداتەوە.

لەمبارەیەوە پشتیوان قەرەداغی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، قەوارەی هەرێم نەبێت هیچ كوردێك تەنانەت ناتوانێت لە كوردستان بە كوردی قسە بكات، نەك ئەوەی داوای مافی خۆی بكا و حكوومەت و قەوارەی خۆی هەبێت.

زیاتر گوتی، دۆخی سووریا و توركیا و ئێران و دۆخی كەركووكی دوای 16ی ئۆكتۆبەر شایەتن، كە هەموو مافێكی نەتەوەییمان پێوەستە بەم قەوارەیەوە، لەوەی بە كوردی بیر دەكەیتەوە دەدوێیت و جلی كوردی دەپۆشیت و یادی بۆنە كوردییەكان دەكەیتەوە و ئەوەی ناوێكی كوردی لە منداڵەكەت دەنێیت، هۆكارەكەی بوونی ئەم قەوارەیە.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، نەك هەر یەكێتی، هەر لایەنێكی تری كوردی بیر لە زیانگەیاندن بە قەوارەی هەرێم بكاتەوە، مێژوویەكی پڕ شەرمەزاری بۆخۆی تۆمار دەكات، هەر كێشەیەك هەبێت لەناو لایەن و حزبە كوردستانەیەكان پێویستە لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمدا چارەسەر بكرێت، نەك بیانەوێ پەنا بەرن بۆ دەسەڵاتێكی دز و جەردە و مافیای ئاینی و تایفی وەك عێراق.

"پێویستە یەكێتی پێش هەموو لایەنێكیتر بیر لە بژارەی تێكدانی قەوارەی هەرێم نەكاتەوە و بەرگری لەم قەوارەیە بكات، رێگر بێت لەوەی هەر لایەنێك بیەوێ پەنا بەرێت بۆ كارێكی ئاوا و بەرپەرچی بداتەوە، نەك خۆی بەو كارە هەستێ و هەوڵی تێكدانی هەرێم بدات، چونكە پێش هەمووان لە خۆیان تێك دەچێت، نموونەش دۆخی كەركووكە"، پشتیوان قەرەداغی، نووسەر و چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل