نێچیرڤان بارزانی: کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە

:: PM:10:22:02/09/2023 ‌
لەبارەی رووداوەكانی كەركووكەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، گرتنی ڕێگەی سەرەکيی هەولێر ـ کەرکووک لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کارێکی نایاسایی بوو، بەداخەوە ئەو کارە نایاساییە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لانەدراوە! کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە کاری زياترى نایاسایی نییە!

لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەهێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانيشتووانى شاره‌كه‌ بەگشتی، هاووڵاتييانى کورد لە کەرکووک ئەمڕۆ ناڕەزایييان بەرانبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، كه‌چى جێگەی داخە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە و گەنجێک شەهید بووه‌ و چەندانی دیکەش بریندارن.

له‌ كاتێكدا به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌و گرژييه‌ ئه‌منييانه‌ ده‌ڕوانين و به‌ وردى چاودێريى دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ين. به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ته‌قه‌كردن و ده‌ستڕێژيى چه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل ده‌كه‌ين. نانه‌وه‌ى ئاڵۆزى و پشێويى ئه‌منى له‌ كه‌ركووك، هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌ پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايش و سه‌قامگيرى ده‌كات." لە درێژەی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمدا وا هاتووە" 

لە پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كە  لايه‌نه‌ پێوەندارەكانی حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ده‌بێ ڕێكارى خێراى پێويست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌ بێ جياوازى پارێزگارى له‌ ئاسايشى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بكه‌ن و ته‌قه‌که‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

به‌رپرسياريه‌تيى هه‌موو لايه‌كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى بپارێزن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ هيچ پاساوێك دۆخى ئه‌منى له‌ كه‌ركووك و سنوورى پارێزگاكه‌ ئاڵۆز ببێت. هه‌موو لايه‌ك دان به‌ خۆياندا بگرن، ڕێگه‌كان بكرێنه‌وه‌ و ئارامى و ژيانى ئاسايى بۆ هاووڵاتييانى كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه‌. لە كۆتایی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی وا هاتووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د