هەولێر رێڕەوی خاوەن پێداویستی تایبەت بە نابینایان دروست دەكات

:: PM:01:22:16/10/2023 ‌
پارێزگاری هەولێر بڵاوی كردەوە، بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەكی تایبەت بە ڕێڕەوی نابینایان لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بۆ كارئاسانیی هاتوچۆی نابینایان لە سەرجەم شەقامەكان.

ئەمڕۆ دووشەم 16 ئۆكتۆبەر، لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر، بۆ پارێزگاری هەولێر كە كۆمەڵەكانی تایبەت بە نابینایان، داوایان كردووە رێڕەوێكی تایبەتیان بۆ دیاری بكرێت، پارێزگاری هەولێریش، شارەوانیی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی "دروستكردنی ڕێڕەوی نابینایان لەسەر شۆستەی شەقامی چواڕیانی نیشتمان، شۆستەی شەقامی بازاڕی سیروان تا چوارڕیانی شێخی چۆڵی، شۆستەی پاركی شار و قەیسەری و قەڵا و شەقامی پاتا" بە گوژمەی 240 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی 15٪ ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەشێوازی بەڵێندەرایەتی، خرایە بواری جێبەجێكردن كە درێژیی رێڕەوەكە نزیكەی چوار كیلۆمەتر بە پانیی 40 سانتیمەتر دەبێت.

هاوکات یادگار کەریم مافپەروەر و سەرۆکی یەکێتی نابینایانی کوردستان، گوتی، دەستخۆشی  لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژێکی مێژووییە، زۆر دڵخۆشین کارێکی زۆر گرنگە بۆ ئێـمە، رووی شارستانییەتی هەولێریش پیشان دەدات.

زیاتر گوتی، ئەو ڕێیە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی نابینا، چونکە ئێمەش دێینە بازار و پێداویستییەکانی رۆژانەمان دابین دەکەین، ئەو ڕێیە زۆر سوود دەگەیەنێت بە ئێمەی نابینا، چونکە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم پڕۆژەیە لەو جۆرە بکرێت بۆ نابینایان، لەگەڵ ژمارە یاسای 22 و ژمارە 11 باس لەو ڕێڕەوە دەکات بۆ نابینایان حەز دەکەین پڕۆژەکەش بەشێوەیەکی باش بەڕێوە بڕوات، لە پەیماننامەی نێو دەوڵتی مادەی نۆ باس لەوە دەکات ئەو بابەتە لەگەڵ ئەو مادەیە یەک دەگرێتەوە.

لە زۆر لە وڵاتانی دنیادا ڕێڕەوی هاتوچۆی تایبەت بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، سەرجەم شوێنەكانی گرتووەتەوە، بەتایبەت شوێنە گشتییەكان و شەقامەكان، ئەمەش بۆ زیاتر گرنگیدان بەو كەسانە و پارێزگاریكردن لە سەلامەتییان لە كاتی هاتوچۆدا.


وشە - لاڤین عومەر