رۆژنامەنووسێكی سلێمانی ڕفێنرا

:: PM:01:07:23/10/2023 ‌
لەلایەن هێزێكی چەكدار، ڕۆژنامەنووسێكی سلێمانی دەڕفێنرێ‌ و بە گوتەی خۆی دوای 10 رۆژ، كەسوكاری زانیویانە ڕفێنراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی تشرینی یەكەم، ئازاد بایز رۆژنامەنووس و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەكی تەناهیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چەمچەماڵ گیرام، سەرەتا بۆ یەك سەعات و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوومیانەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی كرام.

زیاتر گوتی، هەندێك تۆمەتی ساختەم بۆ دروست كراوە، گوایە بە ناوی خوازراوەوە هەڕەشەم لە خەڵك و لە هونەرمەند كردووە، بەڵام هیچ شتێكم لەسەر نەچەسپا، هەروەها لە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە بێتاوانم و دادوەر رێی داوە بە دەستەبەری ملیۆنێك دینار ئازاد بكرێم تا رۆژی دادگایی.

روونی كردەوە، گرتنەكەم لەلایەن 11 ئۆتۆمبێلەوە بوو كە بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر گیراوم و دوای هەفتەیەك كەسوكارەكەم ئاگادار كراونەتەوە.

لەبارەی هۆكاری گرتنەكەشی لەلایەن ئەو دەزگا تەناهییەی یەكێتییەوە باسی لەوە كرد، هۆكارەكەی شاردنەوە و ترساندنی دەنگی ئازاد و رۆژنامەنووسانە، ئێستە بەرانبەر رۆژنامەنووسێكی تریش سكاڵا هەیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د