نالی شیعرێكی بۆ شاری هەولێر نووسیوە

:: AM:09:30:19/11/2023 ‌
شاعیری دیاری  كورد تەڵعەت تاهیر لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە دا، نالی شیعرێكی بۆ شاری هەولێر نووسیوە و دەڵێت، نالی جارێك سەردانی هەولێری كردووە و ئەو شیعرەشی لە تەمەنی 20 ساڵیدا نووسیوە، شیعرەكەش لە دیوانی حەیدەری مەلا ناسیحدا هەیە.

تەڵعەت تاهیر لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە كرد كە نالی شاعیری گەورەی كورد،   لە نۆژەنكردنەوەی خانەقای هەولێر بەشداری كردووە و سەردانی شاری هەولێری كردووە، ماوەیەك لە شاری هەولێر ژیاوە، شیعرێكی لە دیوانی "حەیدەری" هەیە، مەلا ناسر حەیدەری ئەو دیوانەی نووسیوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو شیعرە هی نالییە بۆ هەولێری نووسیوە.

 ئاماژە بەوە دەكات كە شیعرەكەی نالیش لەو دیوانەدایە، دەبێت ئەوكات تەمەنی 20 ساڵ بووبێت، بۆ نۆژەنكردنەوەی خانەقای هەولێر بەشداریی رێوڕەسمەكەی كردووە و و نالی لەو ماوەیەدا كە لە هەولێر بووە، وادیارە ئەو شیعرەی لەسەر هەولێر و خەڵكی هەولێر نووسیوە، ئەو شیعرە دەماودەم هاتووە و نازانرێ چەندی هی نالی و چەندی كەم و زیاد كراوە. تەنانەت دوای ئەوەش هیچ لێكۆڵینەوەیەك نییە بیسەلمێنێ ئەوە شیعری نالییە، شێوازی شیعرەكەش زۆر لە شیعری نالی ناچێت.

شیعرەكەی نالی
سەفحەی بەرینی سەهلی بۆ وەسفی ئەهلی ئەربیل
قەڵەمی منە عەینەن منارەی شێخی جەلیل
شارێكە ڕیاكەمە بۆ مەكرەمە حاتەمە
شایەتی شەهرەزووری بووە ئەحسەنی دەلیل
موسەڵای سەر قەڵاتی بەرامبەر نەبی عوزێر
حازرە بۆ بەراتی مەرقەدی ئیمام تەعجیل
بەستۆرە نا لە چاوی من ئاو بۆ ئەوێ هاتووە
لە دەوری تەواف دەكەن توحفەیەك نەیبێ مەسیل
هەم ئەهلی ئاسمانن هەم رەنگی خاكن خەڵكی
 پاكن میسلی كافوور پاكن لەجنسی  ئەسیل
شەوقی بەتینی شەمسی كچانی ئەسمەر كردوون
وەكو پەنیری مەدبووخ چەشنی شەكەری حەلیل
پێشتر شێوەی قامەتت درێژ بوو ئەربائیلۆ
لەبەر كەمی ویسالت كوردبووە بووە ئەربیل

مەلا خدر كوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میكایلی ناسراو بە نالی  بەردی بناغە و دامەزرێنەری خوێندنگەی شیعری بابان و لە یەكەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری كوردیی ناوەندییە.

لە گوندی خاك و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتووەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەپەرتووكی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەكانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و كەلام، بەلاغە، فەلەك و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو كردووە و دواتر مۆڵەتی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندان شوێن وەك سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندان مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندوویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەكەی، نالی مەلایەكی باش و ڕۆشنبیرێكی گەورەی لێ دەردەچێت، جگە لە زاراوەی دایكی كە كوردی بووە، فارسی و توركی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیون.

نالی بەیەكێك لە گرنگترین شاعیرانی كلاسیكی كورد دێتە ژمار كە تا ئێستە چەندان لێكۆڵینەوە لەسەر شیعر و ئەزموونی شیعری نالی كراون.



وشە - سۆران عەزیز