نارین فه‌قێ (دووری) بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: PM:04:00:25/11/2023 ‌
نارین فه‌قێ هونه‌رمه‌ندی رۆژئاوای كوردستان دواین به‌رهه‌می خۆی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ گۆرانییه‌كی نوێ پێكدێت.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ نارین فه‌قێ به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، پڕۆژه‌ی نوێی هونه‌ریم بریتییه‌ له‌ گۆرانییه‌ك به‌ ناوی (دووری)، هه‌وڵمان داوه‌ ئه‌مجاره‌ گۆرانییه‌كی كوردیی ره‌سه‌ن پێشكه‌ش بكه‌ین كه‌ تا ئاستێك جیاوازتر بێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی پێشترمان.

زیاتر گوتی، گۆرانییه‌كه‌ باس له‌ خۆشی و شادی ده‌كات، له‌ تێكستی مامۆستا ئه‌دیب چه‌لكی و ئاوازی موزیسیانی به‌ توانای باكوری كوردستان هاروون ئه‌لكییه‌، موزیك پڕۆده‌كشن له‌لایه‌ن سینان بۆزۆ ئه‌نجام دراوه‌.

له‌باره‌ی ئاواز و كاری موزیكیش گوتی: له‌م به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌دا ئامێری موزیكی كوردی تێیدا به‌كار هاتووه‌ وه‌ك ده‌هۆڵ و زوڕنا، گۆرانییه‌كه‌ په‌یامی خۆشه‌ویستی و نیشتمانپه‌روه‌ری و دووره‌ وڵاتیی تێدایه‌، واته‌ تێكه‌ڵێكه‌ له‌ نێوان خۆشه‌ویستی و نیشتمانپه‌روه‌ری، په‌یامێكه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا خۆشی و ناخۆشیمان بینیوه‌، به‌ڵام خۆشه‌ویستیمان بۆ كوردستان و ژیان، وایكردووه‌ به‌رده‌وام بین. (دووری) تژییه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی.

له‌باره‌ی كلیپی گۆرانییه‌كه‌ش نارین گوتی، له‌ شاری ستۆكهۆڵمی سوید و له‌ بازاڕی كۆنی ئه‌و شاره‌، ده‌رهێنه‌ری به‌ توانا هه‌ژار دهۆكی كاری ده‌رهێنانی كلیپه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی لۆكه‌یشنه‌كان، هه‌وڵمان داوه‌ دیمه‌نه‌كان هاوشێوه‌ی كوردستان بن.

ئه‌وه‌شی گوت، ماوه‌ی دوو ساڵ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی به‌رهه‌می (دووری) بووم، به‌ڵام هه‌ندێك ڕووداو هاتنه‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌تی ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وایانكرد نه‌توانم له‌ كاتی خۆیدا بڵاوی بكه‌مه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێسته‌ش ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ بارودۆخێكی سه‌خت و ناخۆشدا تێده‌په‌ڕێت و بێگومان ئێمه‌ كوردیش له‌م بارودۆخه‌ بێبه‌ش نین، به‌ڵام پێم وایه‌ ئێسته‌ كاتێكی زۆر گونجاوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌، ڕێزگرتن و به‌رزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان به‌ ته‌واوی له‌ كلیپی گۆرانییه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د