خەڵاتی ئەدەبیی "كاڵ" لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەدرێت بەداهێنەرانی ئەدەبی كوردی

:: PM:12:21:29/01/2024 ‌
خەڵاتی ئەدەبیی كاڵ لە سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن چەند نووسەرێكەوە ڕاگەیەنرا، ئەم خەڵاتە مەبەستی دروستكردنی وزە و دەرفەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەدەبیاتی كوردییە، هاوكات دەیەوێت بەهرە تازەكان بدۆزێتەوە و ستایشیان بكات.

ساڵانە لە دنیادا بە پێوانە جیاوازەكان، گەلێك خەڵات بە بەرهەمە ئەدەبییەكان دەدرێن، ئاساییە هەر كام لەو خەڵاتانە، ئامانج و پێودانگی خۆیان هەبێت. ئەدەبیاتی كوردی لەبەر بێ پشتیوانی و لە پەراوێزبوونی زمانی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، زۆرجار تا ئاستی نەبوون، لە مەیدان و دەرفەتە ئەدەبییە دیار و بە بایەخەكان دوور و بێبەش بووە. لە ئاستی ناوخۆیشدا دەكرا لە چەندان ملیۆن ئاخێوەری كورد، هەزارانی ببنە بەردەنگی، بەداخەوە تا ئێستە ئەمە نەلواوە و نەكراوە.

 رەزای عەلی پوور كە خۆی نووسەر و شاعێرێكی دیاری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ڕای گەیاند، ئەدەبیاتی كوردی سەرەڕای گرفتەكانی، بەردەوام مەیلی بە ئەوە بووە لە پێوەندیی دوولایەنەی لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردی و مەیدانە ئەدەبییەكان لە گەشە و هەڵكشاندا بێت. خەڵاتی ئەدەبیی كاڵ، بە مەبەستی دروستكردنی وزە و دەرفەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەدەبیاتی كوردی، دۆزینەوەی بەهرە تازەكان و ستایش و ئەمەك نواندن بۆ توانا بەردەوامەكان، دەیەوێت یەكەمین بانگەوازی خۆی ڕابگەیەنێت. 

رەزا دەشڵێت، ئەم خەڵاتە وێڕای پاڵپشتی لەلایەن ژمارەیەك ناوەندی چاپی كتێب و كەسایەتیی فەرهەنگی و ئەدەبییەوە، خەڵاتێكی سەربەخۆیە و سەربە هیچ لایەنێكی دەوڵەتی و سیاسی نییە، تەنیا داهێنان، ئەدەبیات و زمانی كوردی بۆی مەبەست و گرنگە. 

خەڵاتی ئەدەبیی كاڵ ساڵانە بەڕێوە دەچێت و دوو بەشی كتێبی چاپكراو و بەرهەمی چاپ نەكراو لەخۆ دەگرێت.  مەرجەكانی بەشداریكردن لە خەڵاتی ئەدەبیی كاڵ بریتین لە زاراوەی سەرەكیی خەڵات، كوردیی ناوەڕاست یان سۆرانییە، بەڵام دەكرێت بە زاراوەی تریش بەرهەم بنێرێت.

خەڵاتی كاڵ لە سێ ژانری شیعر، چیرۆك و ڕۆماندا براوەكان دیاری دەكات. هەم كتێبی چاپكراو لە خۆ دەگرێت و هەم ئەو بەرهەمانەی كە تا ئێستە چاپ نەكراون و لە دوای وەرگرتنی خەڵات، لەلایەن لیژنەوە وەك كتێب چاپ ‌دەكرێن. 




وشە - سۆران عەزیز