تیۆری ئەخلاق ناتوانێت هەموو شتێك لەبارەی ئەنفال بڵێت، بۆیە چەمكی "دەبەنگیی خراپە"ی لێڤیناس دەگەیەنم بە چەمكی "پووچێتیی خراپە"ی هانا ئارێنت و هەردووكیان لە "كالفامیی خراپە"دا كۆ دەكەمەوە كە تێیدا ئەخلاق بە سنووری سیاسەت دەگەیەنم.
"دراوسێ ئەخلاق و ئەنفالناسی" كتێبێكی نوێی هاوار محەمەدە، نووسەر لەبارەی كتێبەكەیەوە بۆ"وشە" دەڵێت، ئەگەرچی چاپكردنی كتێبەكە ماوەیەك دواكەوت، بەڵام خۆشحاڵم كە دواجار ئەم بەرهەمە لەبارەی "ئەنفال"ی كورد لە سەدەی بیستدا بڵاو كرایەوە.
لە گوتاری یەكەمی ئەم كتێبەدا، زەوینەسازییەكی چڕ بۆ تیۆری ئەخلاقی لای فەیلەسووفی فڕەنسیی بە ڕەگەز لیتوانی "ئیمانوێل لێڤیناس" دەكرێت. پاشخانی فەلسەفیی تیۆری ئەخلاق لای ئەرستۆ و ناوكۆییە كولتوورییە عیبری-مەسیحییەكەی، لە قەشە ئاگۆستین و تۆماس ئەكواینەس و ئەو گۆڕانەی كە لێڤیناس بەسەر ئەم ناوكۆییە مێتافیزیكییەدا دەیهێنێت پێشان دەدرێن. پاشان تێزەكانی لێڤیناس دەخرێنە مشتومڕەوە لەگەڵ ڕوانگەكانی فرۆید، هایدێگەر، دێریدا، ئاگامبێن و ژیژەك.
نووسەر باسی لەوە كرد، ئەمەش لەبەرئەوەی بتوانم لە گوتاری دواتردا ئەنفال لە ڕوانگەی تیۆری ئەخلاقییەوە شرۆڤە بكەم، كە هێندەی بزانم تا ئێستە لابەلا، ساكار نەبێت، ئەم تیۆرەدا نەمانپشكنیوە.
هاوار دەڵێت، بەڵام دواجار تیۆری ئەخلاق ناتوانێت هەموو شتێك لەبارەی ئەنفال بڵێت، بۆیە چەمكی "دەبەنگیی خراپە"ی لێڤیناس دەگەیەنم بە چەمكی "پووچێتیی خراپە"ی هانا ئارێنت و هەردووكیان لە "كالفامیی خراپە"دا كۆ دەكەمەوە كە تێیدا ئەخلاق بە سنووری سیاسەت دەگەیەنم، ئەمەش ڕێخۆش دەكات لە گوتاری سێیەمدا ئەنفال بە تیۆری بایۆپۆلەتیكی فۆكۆ-ئاگامبێن بخوێنینەوە، بەڵام ئێمە نە "زیندان"ی فۆكۆ و نە "كەمپ"ی ئاگامبێن، ناكەین بە پارادایمی خوێندنەوەی دەسەڵاتی بەعس، بەڵكو زیندان و كەمپیش لە پێوەندیدا بە "ئۆردوگا زۆرەملێكان"ەوە دەخوێنینەوە، هەمان ئەو موجەمەعانەی كە دەركەوتەی پێرفێكتی سیاسەتی دانیشتووانی بەعس بوون لە ناوچە كوردنشینەكاندا بۆ بەرهەمهێنانی ژیانی ڕِووت یان "هۆمۆساكەر".
گوتاری كۆتایی كتێبی "دراوسێ ئەخلاق و ئەنفالناسی"، مشتومڕێكی لێڤیناس و ئاگامبێنە لەبارەی مەرگی هوجام سوورچی و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریادا.