"دەنگی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی دەتباتە شوێنێك لە كاتی ئاساییدا هەستی پێ ناكەیت"

:: AM:09:27:05/02/2024 ‌
ناسری حیسامی لەبارەی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی دەڵێت، لە دەنگی و لە شێوەی گۆرانیگوتن و دەنگهەڵبڕین و بینخواردنەوەیدا، هەست بە شتێك دەكەم كە بە وشە ناتوانم دەریبڕم، كە گوێی دەدەمێ، لە گەڵی دەڕۆمە جێیەك كە لە كاتی ئاساییدا نایبینم و هەستی پێ ناكەم. 

سەید دەتباتە جێیەك دوور لە ئێستە، لە ناو تەمومژی خەیاڵ و لە زەمان و سەردەمێكدا كە ئێستە نییە. پارچەیەك لە مێژوو كە لە ناو تەمومژی كوێستانێكدا بەسەر چیاكانەوە ماوەتەوە. 

سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی كوڕی سەید نیزامەدین كوڕی سەید جامی كوڕی سەید محەمەد جەواد كوڕی سەید ئیبراهیمە، بەپێی نەسەبنامەكەیان دەچنەوە لای سەید عەلی هەمەدانی برای شاعیری ناودار باباتاهیری هەمەدانی، لە دایكیەوە بۆ عەلامە بابە شەهابەدینی بەناوبانگ دەگەڕێتەوە. 

سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ساڵی 1882 لە گوندی سەڵوە ئابادی نزیك شاری سنە لە دایك بووە، لە چواری  شوباتی ساڵی 1937 كۆچی دوایی كردووە.

عەبدول ئەحمەد باباشەهابی كوڕە گەورەكەی سەید دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی باوكی كۆچكردووم هەرگیز لەلایەن مامۆستایەكەوە وانەی نەخوێندبوو، زۆربەی دامەزراوە و دەسەڵاتدارانی موزیكی ئێرانی دەناسی، بەڵام زۆربەی كارەكانی لەسەر بنەمای موزیكی كوردی ڕەسەن ئاوازی بەرهەم هێناوە.

 كوڕی سەید باس لەوەش دەكات، ئەو شیعرانەی كە دەیخوێندەوە، یان شیعری فۆلكلۆری ناوخۆیی بەناوبانگ بوون، یان لە شاعیرانی وەك مەولەوی كورد، وەفایی مەهابادی، تاهیر بەگی جاف و بابا تاهیر هەمەدانی هەڵیدەبژاردن.

سەید عەلی ئەسغەری لە تەمەنی 47 ساڵیدا گرێبەستێكی لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای گرامۆفۆن پۆلۆن واژوو كرد، لە ساڵانی 1928 و 1929 بەپێی گرێبەستەكە 10 گۆرانیی بۆ كۆمپانیاكە و لەسەر شاشە تۆمار كرد، لەوانە گۆرانیی "هەی نەبێ نەبێ،  ئەی ڕەفیقانی تەریقەت، كرۆس كۆرت، جانی جەنانام وەرە، غەمگین و دڵ پەشێوم"، سەید گۆرانیی تری زۆر بووە، بەڵام ئەو چەند گۆرانییەی بەهۆی تۆماركردنەوە ماونەتەوە.

سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی وەك سۆفی ژیاوە و ماڵی دنیای بۆ گرنگ نەبووە،  زۆربەی كاتی خۆی بە خواپەرستی و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی كوردییەوە بەسەر بردووە، ساڵی 1905 خێزانی پێكەوە ناوە، پێوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەشراف و ناودارەكانی شاری سنە و دەوروبەریدا دروست كردووە. دوا سەردانی ئەم هونەرمەندە گەورەیە بۆ باشووری كوردستان ساڵی 1935 بووە، لە بیرەوەرییەكانی مامۆستا عەلی مەرداندا ئاماژەی پێ دەكات، لە ڕێی قەسری شیرینەوە خۆی گەیاندووەتە بەغدا و لەوێ بەدیداری شێخ مەحموود شاد بووە، لە گەڕانەوەشیدا ماوەیەك لە كەركووك و سلێمانی ماوەتەوە.

سەید عەلی ئەسغەری بەیەكەم هونەرمەندی گۆرانیبێژ دەناسرێت كە گۆرانیی تۆماركراوی هەبێت، بەشێك لە گۆرانییەكانیشی لەلایەن هونەرمەندانی دیاری ئێرانەوە گوتراونەتەوە وەك شەجەریان و چەندانی تر.





وشە - سۆران عەزیز