بەهۆی رەفتارێكی "ناشیرن"ـەوە داوای دەركردنی رۆناڵدۆ دەكرێت لە سعوودیە

:: PM:08:04:09/02/2024 ‌
جارێكی تر ئەستێرەی تۆپی پێی پروتوگالی هەرای نایەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی دوێنێ یانەی "نەسر" لە یانەی "هیلال" ی سعوودی دەدۆڕێت، هاندەرێكی یانەی "هیلال" بۆ گوزارشت كردن لە دڵخۆشیی خۆی، ئاڵای یانەكە بۆ رۆناڵدۆ فڕی دەدات و ئەمیش ئاڵاكەی لێ وەردەگرێت و دەیخاتە ناو شۆڕتەكەی. 

دوێنی پێنجشەم لە یارییەكی نێوان یانەی "نەسر" و "هیلال"، یانەی نەسڕ تووشی دۆڕان دەبێت بەرانبەر یانەی هیلال و لەدوای تەواوبوونی یارییەكە یەكێك لە هاندەرانی یانەی "هیلال" ئاڵای یانەكە بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ فڕێدەدات، ئەمیش ئاڵاكە وەردەگرێت و دەیخاتە ناو بەشی پێشەوەی شۆڕتی و وەك ئاماژەیەك بۆ سووكایەتی بە ئاڵای هیلال، ئاڵاكە بە ئەندامی نێرینەی خۆی دادەهێنێت و دواتریش بۆ جەماوەری یانەكە فڕەی دەداتەوە. 

بەرانبەر ئەم رەفتارەی رۆناڵدۆ، لە ناوەوەی سعوودیە كاردانەوەی زۆر و تووڕەبوونی زۆری بەدواداهات، بە جۆرێك داوا دەكەن لەسەر ئەم رەفتارەی سزا بدرێت و لە سعوودیەش دەربكرێت. 

خەلەف مێلفی كە رەخنەگرێكی وەرزشیی سعوودییە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" ئەم رەفتارەی رۆناڵدۆی بە قێزەون وەسف كردووە و ئاماژەیشی داوە كە ئەمە یەكەمجار نییە ئەم یاریزانە رەفتاری هاوشێوە لە سعوودیە ئەنجام بدات و هۆكاری بەردەوامیی ئەم رەفتارانەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە سووكترین سزایشی نەدراوە تا ئێستە بەهۆی كارەكانییەوە. 

مێڵفی داوای لە بەرپرسانی وەرزشیی سعوودی كرد كە سزای رۆناڵدۆ بدرێت لەبارەی ئەم رەفتارەی و چارەسەریش بۆ خراپەكارییەكانی دابنرێت. 

بەشێكی تر لە رەخنەگرانی وەرزشیی بەراوردی رەفتاری رۆنالدۆیان لەگەڵ لیۆنێل مێسی كرد، بە جۆرێك یەكێك لە رەخنەگرانی وەرزشی سعوودی بەناوی "مەجید" بڵاوی كردەوە، مێسی لەگەڵ ئینتەرمیامی هاتووەتە ریاز و تووشی شكستی زۆر قورسیش بوون، بەڵام هیچ رەفتارێكی ناشیرینی ئەنجام نەدا. 

جێگەی ئاماژەیە ئەمە یەكەمجار نییە كریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەرووی رەخنەی گەورە ببێتەوە لەوەتەی لە ساڵی 2022ەوە لە ریزی یانەی "نەسر" یاری دەكات و چووەتە سعوودیە.


وشە - پۆڵا مەحموود