سێ ئەكتەری ئێرانی گیانیان لەدەست دا و چواری تریان بریندار بوون، بەهۆی رووداوێك لە كات و شوێنی وێنەگرتنی زنجیرەیەكی تەلەڤزیۆنی لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران.
وەك ئاژانسی
"فارس نیوز"ی ئێرانی باسی دەكات، رووداوەكە لەكاتی وێنەگرتنی زنجیرەی "سەلمان فارسی"، لە گوندێكی شاری شاهروود سەر بە پارێزگەی سەمنان لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران رووی داوە، كاتێك ئەكتەرەكان مەشقیان لەسەر دیمەنێكی زنجیرەكە كردووە، كە پردێكی هەڵواسراو لە نێوان دوو ستوون هەبووە و چەند مەترێك لەسەر زەوی بەرز بووە، بەڵام ژمارەیەك لەو ئەكتەرانە چوونەتە سەری و پردەكە بەرگەی نەگرتووە و بەو هۆیەوە سیانیان گیانیان لەدەست داوە و چواریشیان بریندارن.
ئاژانسەكە لە بەرپرسێكی گواستەوە، بریندارەكان بە هەلیكۆپتەر بەرەو نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری شاهروود بۆ وەرگرتنی چارەسەری گوازراونەتەوە، دیمەنە سەرەكییەكانی ئەو زنجیرەیە لە شاری سینەمایی غەزالی گیراوە، بۆ تۆماركردنی دیمەنە دەرەكییەكان بەرەو ئەو گوندە چووبوون، ئەو زنجیرەی تا كۆتای ئەمساڵ دیمەنەكانی لەوێ تۆمار دەكرێت.
زنجیرەی "سەلمان فارسی"، لە بەرهەمهێنانی ناوەندی سیمای سەر بە ئێزگە و تەلەڤزیۆنی ئێرانە، زنجیرەكە لە نووسین و دەرهێنانی داود میر باقرییە و لە پاڵەوانیەتی فەرهاد ئەسلانی و داریووش فەرهەنگ و محەمەد رەزا هیدایەتی و مەهدی فەقێ و ژمارەیەك ئەكتەری ترن لە ئەرمینیا و یۆنان و مەغریب و توونس.