سەرۆكی قاعیدە لە دوورگەی عەرەبی دەكوژرێت

:: AM:09:05:11/03/2024 ‌
رێكخراوی قاعیدە لە دوورگەی عەرەبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، سەرۆكەكەیان لە دوورگەی عەرەبی كوژراوە بێ ئەوەی هۆكار و چۆنێتیی كوژرانەكەی ئاشكرا بكات. هەواڵەكە لە ناوەندی "سایت" بڵاو بووەتەوە كە بە راگەیاندنی جیهادی ناو دەبرێت.

ناوەندەكە لە بەیاننامەكەیدا روونی كردووەتەوە، خالید باترفی سەرۆكی قائیدە لە دوورگەیی عەرەبی كوژرا كە لە شوباتی ساڵی 2020وە سەرۆكی رێكخراوەكە لە ناوچەی بووە.

ئەوەشی گوت كە لە دوای كوژرانی باترفی، "سەعد بن عاتف عەولەقی" شوێنی گرتووەتەوە و ئێستە ئەو سەرۆكی قاعیدەی دوورگەی عەرەبییە. ئەو رێكخراوەی ئەمەریكا بە تیرۆریستی داناوە.

باتفی خەڵكی سعوودیە بوو و لە ریاز لە دایك بووە، تەمەنی لە چلەكاندا بوو، لە شوباتی 2020وە سەرۆكایەتیی رێكخراوەكەی لە دوورگەی عەرەبی لە ئەستۆ گرتووە كە پێشتر قاسم ریمی ئەو پۆستەی هەبوو، بەڵام لەڕێی درۆنێكی ئەمەریكاوە كوژرا و باترفی شوێنی گرتەوە.

باترفی بەرلەوەی ببێتە سەرۆكی رێكخراوەكە، دادوەری شەرعی و گوتەبێژی رێكخراوەكە بوو لە دوورگەی عەرەبی. لە ساڵی 2018دا ئەمەریكا بە تیرۆریستیی جیهانی ناوی بردووە و پێنج ملیۆنی كردە خەڵات بۆ هەر كەسێك زانیاریی لەبارەیەوە بداتە ئەمەریكا.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د