وەرگرتنی گەنم دەستی پێ‌ كرد بۆ كوردستانیش ئەگەری وەرگرتنی سەرجەم بڕە گەنمەكەی هەیە

:: AM:09:05:28/04/2024 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، وەرزی بە بازاڕكردنی دانەوێڵە دەستی پێ‌ كرد، لەم هەفتەیە 270 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ئەنبار و دەوروبەری وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی نیسان، حەیدەر نووری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە رای گەیاند، وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دەستی پێ‌ كرد، لە نۆ پارێزگای باشوور پرۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە لە جووتیار بەردەوامە و سێ رۆژ لەمەوبەریش سەرۆك وەزیران، وەرزی بە بازاڕكردنی دانەوێڵەی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.

زیاتر گوتی، لە پارێزگاكانی باشوور و ئەنبار 270 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، لەم هەفتەیەش 270 هەزار تۆنی تر وەردەگیرێت و دوابەدوای وەرگرتنی گەنمەكەش، شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە 11ی نیسانەوە وەرزی بە بازاڕكردنی دانەوێڵەی دەست پێ كردووە و بەگوێرەی پێشبینییەكانی وەزارەتەكە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بگاتە حەوت ملیۆن تۆن.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەش كردووە، ملیۆنێك و 600 هەزار تۆن گەنمی كۆگەكراوی ستراتیجییان هەیە، بەكار دەهێنرێت بۆ دروستكردنی ئارد و دابەشكردنی لە رێی كۆبوونی خۆراكەوە.

لەبارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش رای گەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بەپێی ئەو فۆرمەی پڕ كراوەتەوە، بڕی گەنمی پێویست وەربگیرێت.


وشە - رامیار جەواد