یەکێتی کەوتە دوای نەوەی نوێ و ڕێی نیشانی بەغدا دا مووچە نەدەن

:: AM:12:53:19/03/2024 ‌
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئەم نیومووچەیەی بۆ كوردستان نێردراوە دابەش نەكرێت تا تەواوی مووچە دەگات و ستەم کۆتایی دێ، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی میدیا فەرمی و نافەرمییەكانی و گوتەبێژەكەیانەوە بۆ موزایەدە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە یەكێتی دژی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەوەی رێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان بەم شێوەیە بنێردرێت لەلایەن  بەغداوە، هەر هەڵوێستەكانی قوباد تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید بوون و گوتەبێژی حكوومەتیش دڵنیایی دا لەوەی حكوومەت لە هەوڵی چارەسەری كێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانە. 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شاندی دانووستانكاری نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی هۆكاری سەرەكی بوو بۆ دروستبوونی بارودۆخێكی لەم جۆرە، بە تایبەت كاتێك لەگەڵ سروە عەبدولواحید هاوهەڵوێست بوون لە بەغدا و وایان كرد لە ئەنجامی ئەم خۆبەدەستدانەوە بەغدا مووچەی پێشمەرگە نەنێرێت. 

بەرەی موزایەدیچی، خراپی دۆخی مووچەخۆرانی كوردستانیان قۆستووەتەوە و رۆژانە لە سۆشیال میدیاوە خەڵك دەوروژێنن بەو بڕیارەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو شكۆی مووچەخۆرانی كوردستانی دا و بڕیاری دا كە چیتر لە بەغدا قبووڵ نەكرێت مووچە بە كەموكەسرەوە بنێردرێت. 

سەرچاوەیەكی تر لە حكوومەتی هەرێم ئەوەی بۆ "وشە" دووپات كردەوە، هاوهەڵوێستی قوباد تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید لەبەغدا وای كرد بەغدا ئەمە بەخۆبەدەستەوەدانی هەرێم ببینێت و مووچەی زیاتر لە 370 هەزار مووچەخۆری هەرێم نەنێرێت و بۆیە گرنگە رای گشتی بەو موزایەدانەوە خەریك نەكرێت و دۆخی خراپی مووچەخۆر نەقۆزنەوە. 

دوێنێ بێ بڵاوكردنەوەی وردەكاری زیاتر و ناوهێنان، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حكوومەت لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی كێشەی مووچە بڵاوی كردەوە، سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوەوە دەستی پێ کرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی گوشار بۆ بڕینی مووچە فەرمانبەران.

گوتەبێژی حكوومەت ئەوەیشی گوتبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

پێشتریش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم، رای گەیاندبوو،  پێم سەیرە یەكێتی داوا دەكات بەم شێوەی ئێستە كە بەغدا دەیەوێ غەدر لە مووچەخۆری سەربازیی بكات و مووچە دابەش بكرێت، خۆ بەشێك لە مووچەخۆرەكان مووچەخۆری سەربازیی یەكەی حەفتا و هەشتان كە یەكێتیش لەناو ئەواندا هەیە.

هەر ئەمڕۆ و "وشە" بە بەڵگە ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە یەكێتی بەشداری سەرەكی مووچەبڕینی خەڵكی كوردستانە، بۆ خوێندنەوەی  هەواڵە بەڵگەییەكەیش كلیك لێرە بكە. 



وشە - تایبه‌ت