نەخشەی كاتی كۆتا هاتنی باران لە تەواوی عێراق بڵاو كرایەوە

:: PM:08:07:22/03/2024 ‌
پێشبینیكارێكی كەشوهەوا نەخشەی كاتی كۆتا هاتنی باران لە تەواوی عێراقی روون كردەوە و ئاماژەی دا كاتی كۆتاهاتن لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تری عێراق جیاوازە. 

ئەمڕۆ هەینی 22ی ئاداری 2024، سادق عەتیە شارەزای كەشناسیی عێراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە باكوری عێراق و هەرێمی كوردستان باران تا ئێوارەی سبەی شەموو بەردەوامی هەبێت. 

لەبارەی باشوور و ئەنباریشەوە، بەپێی پێشبینییەكانی عەتییە ئەمشەو كۆتایی شەپۆلەكە دەبێت و باران بارین كۆتایی دێت. 

لە پێشبینییەكانی عەتیە زیاتر هاتووە، ناوچەكانی فورات و بەغدا و شارەكانی ناوەڕاستی عێراقەوە ئەمشەو تا كاتەكانی بەرەبەیان باران بەردەوامیی دەبێت و دواتر كۆتایی دێت. 

جێگەی ئاماژەیە، كەشناسیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە كە سبەی لەكاتەكانی بەرەبەیانی شەموو دابارین بەشێوەی نمەباران دەست پێ دەكات و سەرەتا لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێمی كوردستان. هەروەها بەفرێكی كەم لەناوچە شاخاوییە سنووریەكان دەبارێت، لەكاتەكانی پاشنیوەڕۆوە باران بۆ تاوە باران و هەورە برووسكە دەگۆڕێت بەجۆرێك هەندی كات بۆ ماوەیەكی كەم پێشبینی لێزمە بارانیش دەكرێت لەسەنتەری شاری هەولێر و دەوربەری.


وشە - پۆڵا مەحموود