موفتییەكی میسر: درۆیە دەڵێن حەوا ئادەمی لە بەهەشت بە دەركردن داوە

:: PM:05:09:26/03/2024 ‌

موفتیی پێشووی میسر، جارێكی تر بە بۆچوونێكی نوێ، لەناو موسڵماناندا هەرای نایەوە، چونكە ڕەتی دەكاتەوە كە حەوا هۆكاری دەركردنی خۆی و ئادەم بووبێت لە بەهەشت.

شێخ عەلی جومعە كە بە فەتوا و بۆچوونە ئایینییە جیاوازەكانی ناسراوە، لە نوێترین بۆچوونیدا كە لە زنجیرە بەرنامەكانی شەوانی ڕەمەزاندا پێشكەشی دەكات، باسی چیرۆكی ئادەم و حەوا دەكات و دەڵێت: ئەو چیرۆكەی بیستوومانە گوایە حەوا داوای لە ئادەم كردووە لە سێوی دارەكە بخوات كە فریودانی شەیتان بووە و لە ئاكامدا هەردووكیان لە بەهەشت دەركراون، دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكوو چیرۆكە ڕاستییەكە ئەوەیە هەردووكیان پێكەوە لە بڕیاری خواردنی سێوەكە بەشدار بوون و پێكەوەش دەركراون.

موفتیی پێشووی میسر، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەم چیرۆكە باوە هەرگیز لە قورئاندا بەو شێوەیە نەهاتووە بەڵكوو باسی ئەوە دەكات كە خوای گەورە هۆشداری داونەتێ لەو دارە نەخۆن، ئەوانیش خواردوویانە، ئیدی هیچ باسی ئەوەی تێدا نییە كە كامیان هانی ئەوی تری داوە.

پێشتریش عەلی جومعە لە وەڵامی پرسیارێكدا گوتبووی: هۆشداریی منداڵەكانتان بن لە سۆشیاڵ میدیا و با ئالوودەی نەبن. پاشان پێم بڵێن ئەوە منداڵێكتان خستەوە، دوو وتمان قەینا، بەڵام بەخوا سێ زۆرە و ناتوانن لەم سەردەمی سۆشیاڵ میدیایەدا بەخێویان بكەن. بۆ ئەوەی منداڵەكەت بە باشی بەخێو بكەن و بتوانن چاودێریی تەواوی بكەن و مافی خۆی بدەنێ، ئەوا یەك مناڵ بەسە، چونكە لەم سەردەمی فیتنەجۆییەی تێی كەوتووین، هەر یەك منداڵ پەروەردە دەكرێت.



وشە - عەبدوڵا عومەر