نووسەر و چاودێران: لە سایەی سەرۆكی حكوومەت هەمیشە قەوارە و ژیانی هاووڵاتییان پارێزراوە

:: PM:09:35:27/03/2024 ‌

نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكانی تێپەڕاند، كە لە ماوەی حكومرانیدا بۆ كوردستان دروست كران، ئەم دۆخە سەختەش كە ئێستە هەیە، بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی حكوومەت خەریكە كۆتایی دێت و كوردستان بەرە كەنارێكی ئارامتر دەچێت.

لە ماوەی حكومڕانی مەسروور بارزانیدا هەرێمی كوردستان بە چەندین تەنگژەی سەخت تێپەڕ بوو لە سروشتی و دروستكراوی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەوە، لەوانە پەتای كۆرۆنا و بڕینی بودجە لەلایەن عێراق و راگرتنی هەناردەی نەوت و گرانبوونی نرخی دۆلار و هیتریش، دوایینیان بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم، كە بە دانایی و لێهاتوویی هەموویانی تێپەڕاند، ئێستەش وا دۆخە بەرەو ئارامی دەچێت و بەیەكجاریی چارەسەری گرفتەكان دەكرێت.

وێڕای سەختی و تەنگژەكان، كابینەی نۆ لە خزمەت و پڕۆژەكانی بەردەوام بوو، بەشێك لە  كارەكانی كە دەچنە مێژووەوە، دەركردنی یاسای چاكسازی و زیادكردنی 100%ی داهاتی ناوخۆیی و وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دۆلار، رەخساندنی زیاتر لە 120 هەزار هەلی كار، ئەنجامدانی 3380 پڕۆژەی گرنگ و مۆڵەتدان بە نزیكەی شەش هەزار كارگە و كۆمپانیا و زیادكردنی وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ بە رێژەی 8%، جیا لە جێبەجێكردنی 2173 پڕۆژەی جیاوازی كشتوكاڵی و دروستكردنی هەشت كارگەی زەیتوون و 12 كارگەی قارچك و هەشت سایلۆ و 28 پەنكەر بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، لێدانی 24410 بیری ئاو بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، لەپاڵ هەناردەكردنی چەندین بەرهەمی وەك پەتاتە و هەنار بۆ دەرەوەی هەرێم.

لەمبارەیەوە سەرتیپ مەحموود، نووسەر و چاودێری سیاسی بە"وشە"ی گوت، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكانی تێپەڕاند، كە لە ماوەی حكومرانیدا بەسەر كوردستاندا هات و هەرێم هەر بە بەهێزی و گەورەیی و ئاوەدانی و سەقامگیری ماوەتەوە، ئەم دۆخە سەختەش كە بەرۆكی كوردستانی گرتووە، وا خەریكە كۆتایی دێت و دەچینە قۆناغێكی نوێوە.

روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت كەسێكی بەئەزموون و بەهێز و خۆڕاگرە، خاوەنی چەندین دەستكەوت و بڕیاری گرنگ و گەورەیە، كە جێگای رێز و شانازین بۆ هاووڵاتییانی كوردستان، هەروەها هەر بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی بێگومان هەر بەردەوام دەبێت و كوردستان بەرە كەناری ئارامی دەبات.

لای خۆیەوە دیاری رەفیق، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، دروشمی ئەم كابینەیە چاكسازی بوو، بۆیەش لەگەڵ دەستبەكاربوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دەستبەجێ كارنامەی حكوومەتی جێبەجێ كرد، لەكاتێكدا دەیویست بە پلان كار بۆ باشتربوونی دۆخی هاووڵاتییان بكات، پەتای كۆرۆنا وەك پەتایەكی دنیایی بڵاو بووەوە، لە هەمان كاتدا نرخی نەوت زۆر دابەزی، بەشەبودجەی كوردستان لەلایەن بەغدا بڕدرا، هەموو ئەمانە ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان قورس كرد، بەڵام ئیدارەدان و ستراتیجییەتی سەرۆكی حكوومەت توانی ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و ئایندەیەكی گەش بێنێتە ئاراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای تەنگژەكان، پڕۆژەكان نەوەستان و ژمارەیان زیاد بوو، سەرەڕای نەناردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە، حكوومەتی هەرێم پشتی بەخۆی بەست و مانگانە بەتەواوی مووچەی فەرمانبەرانی دەدا، بەڵام راگرتنی هەناردنی نەوت رێگر بوو كە كۆكردنەوەی داهات و دابەشكردنی مووچە، كەچی وا خەریكە لەسەر دەستی سەرۆكی حكومەت ئەم كێشەیەش بەتەواوی چارەسەر دەبێت و كۆتایی بەو دۆخە سەختە دێت، چاوەڕوانیی زیاترمان لێی هەیە و بێگومان رێگا نادات كە ناحەزانی كوردستان هەرگیز سەركەوتوو و دڵخۆش بن، بۆیە لە سایەی سەرۆكی حكوومەت هەمیشە قەوارە و ژیانمان پارێزراوە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل