ناوی ژنە هونەرمەندێك چووە لیستی ملیاردێرەكانی 2024

:: AM:09:54:03/04/2024 ‌
لە رووداوێكی مێژووییدا بۆ یەكەمین جار تایلۆر سویفت كە ئەستێرەیەكی ناوداری گۆرانی و موزیكی دنیایە، ناوی چووە لیستی گۆڤاری "فۆربیس" بۆ ملیاردێرەكانی دنیا لە ساڵی 2024دا. ئاماژە بەوە دەدرێ كە دەوڵەمەندیی ئەو هونەرمەندە بەهۆی كارە هونەرییەكانیەتی.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری "فۆربیس" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، تایلۆر سویفت كە ئەستێرەی پۆپی جیهانییە، بە كۆكردنەوەی بڕی یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، ناوی چووە لیستی ساڵانەی گۆڤارەكە بۆ ملیاردێرەكانی دنیا، ئەمەیش بۆ یەكەمین جارە ژنە هونەرمەندێك بتوانێ تەنیا بە كارە هونەرییەكانی، داهاتەكەی بەگاتە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار.

گۆڤارەكە ئەوەی نووسیوە كە دواجار بەمدواییە سویفت لە گەشتە هونەرییەكەی بە پێنج كیشوەرەكەی دنیا و سازكردنی دەیان كۆنسێرت، بەهۆیەوە داهاتەكەی چووە سەرووی ملیارێك دۆلار.

ئەو گۆڤارە كە ساڵانە لیستێك بەناوی 10 ملیاردێری دنیا بڵاو دەكاتەوە، بۆ ئەمساڵ جیا لە تایلۆر سویفت، هاوكات ئێرڤین جۆنسن كە بە ئەفسانەی تۆپی باسكە بەناوبانگە و كریستیان لۆبۆتان نمایشكاری جلوبەرگ، لەناو هەمان لیست ناویان هاتووە.

تایلۆر سویفت كە گۆرانیبێژ و نووسەری تێكست و ئەكتەرێكی ناوداری ئەمەریكایە، لە ساڵی 1989 لە دایك بووە، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە وەك گۆرانیبێژی بەتوانا دەركەوت. تا ئێستە 12 ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە و دەیان خەڵاتی گەورەی جیهانیی پێ بەخشراوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د