"بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی حكوومەت پیلانەكان شكستیان پێ هێنرا و رێككەوتن كرا"

:: PM:09:49:06/04/2024 ‌

شارەزا و سیاسەتوانان باس لەوە دەكەن كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە و پیلانەكان خاوی بكەنەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی چارەسەر كرد، ئەوانەشی بەردەوام لە پیلاندانان بوون، هیچیان بۆ نەمایەوە و تەنیا دەتوانن سەیر بكەن.

د. رێبوار بابكەیی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، بەردەوام لە هەوڵ و كۆشش بوو بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەی مووچە بێنێت و ئەوەی بەغدا چەندین ساڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات و ئەو سیاسەتەی بەكاری دێنێت، كۆتایی پێ بێنێت و چیتر كێشەی مووچە نەمێنێت و كار بۆ ئەوە بكات فەرمانبەران بە مافی خۆیان بگەن.

هەروەها گوتی، زۆرێك هەموو هەوڵێكیان دا و پیلانیان دانا لە دژی سەرۆكی حكوومەت، كاریان لەگەڵ دۆستەكانیان كرد بۆ ئەوەی لە بەغدا شكست بەو هەوڵانەی سەرۆكی حكوومەت بێنن، بەڵام بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی حكوومەت هەموو پیلانەكان شكستیان پێ هێنرا و توانرا دواجار بەغدا بێتە سەر ئەو قەناعەتەی كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هی ئەوە نییە دەستكاری بكرێت و بكرێتە كێشە، رێككەوتن كرا كە هەموو مانگێك لەكاتی خۆی مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكرێت.

بەرپرسی لقی 10ی پارتی روونی كردەوە، مەسروور بارزانی، سەركردەیەكی بەهێز و خاوەن ئێڕادەیەكی لەڕادەبەدەرە، بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانی میللەتەكەی لە هەورازەكان نەوەستا، بێ وەچان درێژەی بە هەوڵەكان دا و ئاستەنگەكانی وەلا نا، ئاڵنگارییەكانی تێپەڕاند و ئەوان ژێر كەوتن، شەڕی لەپێناو مووچە و مافی میللەتەكەی كرد و سڵی لە هیچ شتێك نەكردەوە، بەڵام ئەوانەی دژی وەستانەوە وەك شاگردێك شەڕی مووچەیان كرد و بە ئەنجام نەگەیشتن.

"بەغدا مووچەی بڕی و بودجەی نەهێشت و دەستووری ژێر پێی خست، یاسا و رێسایان  پێشێل كرد، دادگایان بە سیاسی كرد، هەمووی تەنیا بۆ ئەوەی سەرۆكی حكوومەت بێئومێد بكەن و ماندووی بكەن، كەچی ئەو ماندوو نەبوو و نەوەستا و خۆڕاگرتر بوو، ئێستەش قسەی كۆتایی هەر دەبێت بۆ برا گەورە بێت، نەك ئەوانەی بچووكی بۆ گەورەكانیان دەكەن"، رێبوار بابكەیی وا دەڵێت.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، هەموو ئەوانەی بەدوای ئەوەوە بوون كە هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت بە ئامانج نەگەن و نەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، ئێستە بۆیان دەركەوت لە بەرانبەر كێ وەستاون و دەیانەوێ لەگەڵ كێ بڕۆن، سەرۆكی حكوومەت بەشێوەیەكی نەرم و خۆڕاگر و بەبێ ماندووبوون كاری كرد و بەوە گەیشت كە فەرمانبەران چاوەڕێیان دەكرد، ئەمە نموونەی سەرۆكی حكوومەتە بۆ مافی میللەت و خەڵكەكەی.

زیاتر گوتی، كاری گەورە بە كەسی گەورە دەكرێت، ئەوانەی لە بەغدا لەگەڵ دۆستەكانیان پیلانیان دادەنا كە چۆن كار بۆ دژایەتیی حكوومەت و لاوازكردنی پێگەی حكوومەت بكەن، ئەوكات سەرۆكی حكوومەت سەرقاڵی ئەوە بوو چۆن كۆتایی بەو سیاسەتەی بەغدا بێنێت و فەرمانبەران لەو ستەمە رزگار بكات و كێشەی مووچە چارەسەر بكات، بۆیە دەستكەوتێك بەدەست هاتووە كە هەمووی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانە.

پێوەست بەو بابەتە مەریوان ناسر، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، چەندین مانگە فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشەدان و مووچەیان لەكاتی خۆی پێ نادرێت، گرفتەكە لەوەدا بوو كە بەغدا سیاسەتێكی خراپی پێڕەو دەكرد و مووچەی نەدەنارد، ئەو كێشانە پێویستییان بەوە هەبوو كە چارەسەر بكرێن، چیتر ماف و مووچەی فەرمانبەران بە سیاسی نەكرێ و دواجار سەرۆكی حكوومەت توانی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت