كاردانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ری پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه پێشتر به‌غدا وه‌ك كارتی گوشار دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنا، له‌سه‌ر ئاستی عێراق و عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی، ده‌گدانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و سه‌رۆكی حكوومه‌ت به ئه‌ندازیاری چاره‌سه‌ری گرفته‌كان وێنا ده‌كه‌ن.
كاوه محه‌مه‌د شرۆڤه‌كاری سیاسی، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، زۆر كه‌س و لایه‌ن كاریان بۆ ئه‌وه ده‌كرد سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایی خه‌ڵك بن و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی حزبی و كه‌سیی خۆیان په‌ره پێ بده‌ن له‌سه‌ر حسابی ماندوێتی خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده نابه‌رپرسیار بوون له‌و دۆخه‌دا خۆشحاڵ بوون به‌وه‌ی گرفته‌كان به‌رده‌وام بن به‌غدا مووچه نه‌نێرێ بۆ ئه‌وه‌ی ریكلامی پێ بكه‌ن بۆ خۆیان دژی حكوومه‌تی هه‌رێم.
زیاتر گوتی، هه‌وڵه‌كانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، بووه‌ته جێی باسی میدیاكان، چونكه گوشاره‌كانی سه‌ر كوردستان ئه‌وه‌نده زۆر بوون، پیاوی گه‌وره‌ی ده‌ویست ته‌حه‌مولی بكات و كار بۆ چاره‌سه‌ر بكات.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێسته به گوتاری لایه‌نه‌كان و میدیاكانه‌وه دیاره كه ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتووه، بووه‌ته مایه‌ی دڵخۆشیی خه‌ڵكی كوردستان و نیگه‌رانیی ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له برسیكردنی خه‌ڵكدایه.
له‌باره‌ی بایه‌خی میدیاكانی دنیا به پرسی چاره‌سه‌ری گرفتی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، نێرگز حه‌سه‌ن رۆژنامه‌نووس، بۆ "وشه" گوتی، پرسی بڕینی قووتی خه‌ڵكی كوردستان 10 ساڵه به‌رده‌وامه، بۆیه بابه‌تێكی گرنگه و ئه‌وه‌نده ساڵه خه‌ڵك دێته سه‌ر شه‌قام و هه‌وڵی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش ده‌درا بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام به‌غدا ملی نه‌ده‌دا.
"چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، نیشانه‌ی كارامه‌یی سه‌رۆكی حكوومه‌ته، هه‌روه‌ها بایه‌خی میدیا جیهانییه‌كان به‌و پرسه، ئه‌وه ده‌سه‌له‌مێنێ كه پێگه‌ی مه‌سروور بارزانی و كابینه‌كه‌ی وه‌ك كابینه و حكوومه‌تی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ، لێی ده‌ڕوانرێ.
شایانی ئاماژه‌پێكردنه میدیا نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بی جیهانییه‌كان، ماوه‌ی دوو رۆژه به گرنگییه‌وه باس له هه‌وڵه‌كانی مه‌سروور بارزانی ده‌كه‌ن بۆ توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق له پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆراندا.
رۆژی چوارشه‌م 3/4/2024، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ڕاگه‌یه‌نراوێكی فه‌رمیدا "چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی مووچه"ی ڕاگه‌یاند و دڵنیایی به خه‌ڵكی كوردستان دا كه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بودجه‌ی مانگی سێ، ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه ده‌كرێت له پێش جه‌ژندا.
لای خۆیه‌وه باڵوێزی فره‌نسا له به‌غدا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له دیداری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له به‌غدا، خۆشحاڵی خۆی به رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌ت ڕاگه‌یاند و به "ئه‌رێنی" وه‌سپی كرد.
كێشه‌ی مووچه‌ی كوردستان و به كارتكردنی بۆ گوشار له‌لایه‌ن به‌غداوه دژی خه‌ڵكی كوردستان، له شوباتی 2014 ده‌ستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی بڕی، دواتر به‌شێوه‌ی جیاواز چاره‌سه‌ری كاتیی كراوه و له دۆخێكی تردا به‌غدا وه‌ك كارتی برسیكردن به‌كاری هێناوه‌ته‌وه له‌پێناو لاوازكردنی كوردستان، به‌ڵام هیچ كات حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده نه‌بوو ده‌ست له مافه ده‌ستوورییه‌كانی خۆی هه‌ڵبگرێت و مل بۆ ئه‌و گوشارانه بدات.