چاودێرێكی سیاسی: یەكێتی لەگەڵ نەیاران پیلانی دادەنا و ئێستەش دەڵێت دەستكەوتی ئێمەیە

:: PM:09:49:07/04/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو حزبەی كە هیچكات كارێكی نەكردووە خزمەت بە كورد و كوردستان بكات، بەردەوام لە كاری بۆ ئەوە كردووە بە ئامانج و مەرامەكانی خۆی بگات، هەركات چووبێتە بەغدا بۆ دژایەتیكردنی كوردستان كاری كردووە، پەرلەمانتارێكی پێشوو ئاماژە دەكات، ئەوەی كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان دەكات حكوومەتە، كە سەرۆكی حكوومەت ئەوەی سەلماند كە شەڕی بەدەستهێنانی مافی خەڵكی هەرێم دەكات.

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە دەكات كە یەكێتی ئەو حزبەیە كە دژی هەرێمی كوردستان كار دەكا و لە بەرژەوەندییەكانی هەرێم دەدات، دەیەوێ هەمیشە دۆخی هەرێمی كوردستان ناسەقامگیر و شێواو بێت و هیچكات بۆ بەرژەوەندیی كوردستان و دەستەكەوتە باڵاكانی كوردستان كار ناكات.

  ئەمڕۆ یەكشەم د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی سیاسەتێكی زۆر خۆشی هەیە، ئەویش ئەوەیە لەناو خاكی هەرێم كار دەكا و كاری سیاسی خۆی هەیە، بەڵام هەمیشە دژی هەرێمی كوردستان كار دەكات و بەرژەوەندییەكانی هەرێم لەبەرچاو ناگرێت، ئەو كاتێك دۆخەكە لە بەرژەوەندیدایە كە شێواوی هەبێت و ئاڵۆزی هەبێت بۆ ئەوەی موزایەدە و چەواشەكاری بكات و هێرش بكاتە سەر حكوومەت.

روونی كردەوە، ئەوەی حكوومەت دەیكات لە بەرژەوەندیی خەڵكە و جیاواز لەوەی كە كەس و لایەن بیكات، یەكێتی لە ماوەی رابردوو چەندینجار چووەتە بەغدا لەسەر ئاستی تاك، بەڵام هیچكام لەو سەردانانە بۆ ئەوە نەبووە لەپێناو بەرگری و مافی خەڵكی كوردستان كار بكات، لەوكاتەی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەنەكان لە بەرژەوەندیی هەرێم كار بكەن و مافی خەڵك بپارێزن، بەڵام یەكێتی ئەوە ناكات.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەت بەردەوام لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەیە كە بە خەڵكی داوە، كارێك دەكات كە بۆ خەڵك گرنگ بێت و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێت، بۆیە ئەوەی كار بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان دەكات حكوومەتە، هەوڵی هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت لە پێگەی حكوومەت بدات و سەرۆكی حكوومەتیش ئەوەی سەلماند كە چۆن شەڕی مافەكانی خەڵكی هەرێم دەكات.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، هەر حزبێك بۆ خەڵك كاری نەكرد و بەرژەوەندیی خەڵكی لەبەرچاو نەگرت، ئەوە بزانە كە دەیەوێ لەسەر حیسابی خەڵك بەرژەوەندییەكانی خۆی بەدەست بێنێت، یەكێتی لە كوردستان كار دەكات، بەڵام هەمیشە دژی كوردستانە، حزبێكە هەموو بەرژەوەندییە حزبییەكانی پێش بەرژەوەندیی گشتی خستووە.

ئاماژەی كرد، بەغدا بەردەوام فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی برسی دەكرد، ئەوە ئەو سیاسەتەیە كە چەندان ساڵە بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان پێڕەوی دەكات و نەگۆڕە، بەڵام یەكێتی دەرۆیشتن و كۆبوونەوەیان لەگەڵ نەیار و دوژمنانی هەرێمی كوردستان دەكرد، وای كرد بەغدا گوشاری زیاتر بكات و پێكەوە پیلانیان دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەنا، ئێستەش هاتوون دەڵێن دەستكەوتی خۆیانە، ئەمانە لەلایەك شایی دەكەن و لەلایەكیش شیوەن، شایی دەكەن و دەیانەوێ ئەو شكستەیان بشارنەوە كە كردوویانە و خەڵكیان خستە ‌دۆخێكی خراپەوە.

پێوەست بە بابەتەوە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كاتێك لایەنێك دەیگوت دەبێت هەموو شت بدرێتە عێراق و سەر بە عێراق بین، چونكە عێراق بەشی خۆیان بە زیادەوە بۆ دەنێرێت، ماوەی زیاتر لە 10 مانگە ئەو حزبە بێ هەڵوێست بوو لە سیاسەتەكانی بەغدا و برسیكردنی، ئەو پارەی ئەوان باسیان دەكرد بەغدا هەر نەینارد و نەینارد، تا لە كۆتاییدا سەرۆكی حكوومەت كە بەردەوام لە پێوەندی بوو بۆ چارەسەری كێشەكان، توانی كۆتایی بەو دۆخە بێنێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت