"یەكێتی دەستكەوتەكانی حكوومەت بە هی خۆی نازانێ و دەیەوێ كێشە هەبێت و لەسەر ئەوە دەژی"

:: PM:10:49:07/04/2024 ‌

لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنەكان لەبارەی نەوت و داهات لەگەڵ بەغدا نیشان داوە، كەچی فراكسیۆنی یەكێتی بە ئامانجی تێكدانی دۆخەكە و دروستكردنی پشێوی بە بەردەوام چەواشەكاری كردووە و هەوڵی شێواندنی راستییەكانی داوە، چاودێران پێیان وایە یەكێتی لەناو حكوومەتەوە دژایەتیی كارەكانی حكوومەت دەكات، چونكە خۆی پێ باش نییە و كارەكانی حكوومەت بە دەستكەوتی خۆی نازانێت.

لەوبارەوە بەرزان عەزیز، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی كە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن و لەناو حكوومەتیشن، بەرژەوەندییان لەوەدا نییە حكوومەتی هەرێم كێشەی نەبێت و كارەكانی بە باشی بكات، ئەوانە هەردەم بەدوای ئەوەوەن كە چۆن چەواشەكاری بكەن، چۆن گرفت دروست بكەن، چونكە دروستبوونی گرفت و كێشە و قەیران لە بەرژەوەندیی خۆیانە، لەكوێ گرفت هەبێت گەورەی دەكەن، كار بۆ ئەوە دەكەن كە هەمیشە دۆخەكە ئاڵۆز بێت، نەك ئێستە، لە رابردووش هەر بەوجۆرە كاریان كردووە و ناویان ناوە سیاسەت.

زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێم نەك تەنیا پابەند بووە بە رێككەوتننەكان، بگرە هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش چەندینجار ئەوەی باس كردووە، ئەمە خواستی هەرێمە، بۆیە حكوومەتی هەرێم هیچكات لەگەڵ ئاڵۆزی و دروستكردنی كێشە نەبووە، بەڵام یەكێتی كارێك ناكات لە بەرژەوەندیی هەرێم و حكوومەتەكەی بێت، ئەوان لەناو حكوومەتەوە دژایەتیی كارەكانی حكوومەت دەكەن، چونكە خۆیان پێ باش نییە و كارەكانی حكوومەتیش بە دەستكەوتی خۆیان نازانن، كەواتە ئەوان دەیانەوێ كێشە هەبێت، چونكە لەسەر ئەوە دەژین، هەوڵی دروستكردنی كێشە دەدەن و پێیان خۆشە هەمیشە ئاڵۆزی و نائارامی هەبێت و دەهۆڵی خۆیان بكوتن.

پێوەست بەو بابەتە هێمن سەعید، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، كاتێك پڕۆژەیەك دەبێتە یاسا، یاساكە ئەرك و مافی هەر لایەك نیشان دەدات، لە نێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتن هەیە، ئەوەی روونە هەرێم نەوت دەداتە بەغدا و داهات دەدات، بەغداش لە بەرانبەردا بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم دەدات. 

روونی كردەوە، یاساكە دیاری كردووە بۆ هەر یەكەیان، ئەوەش روونە كە هەرێم پابەند بووە، بۆیە دەبێت بەغداش بە رێككەوتنەكان پابەند بێت و مافی هەرێم بدات، كەچی بەغدا گرفتی گەورەی بۆ هەرێم دروست دەكرد، بەڵام ناكرێت هەندێ لایەنیش رۆلی خراپ بگێڕن، دەبێت هەمووان كار بۆ ئەوە بكەن مافی كورد بدرێت و بەرگری لە مافەكانی كوردستان بكرێت، چونكە هەر دژایەتییەك لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نییە.

لای خۆیەوە هیوا رەشید، كادری پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئەوە دەزانن كە هەرێمی كوردستان لە یەكەم رۆژی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوكاتەی ئەركەكانی هەرێم دیاری كران، حكوومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی راگەیاند، هەمیشە دەستپێشخەریشی كردووە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم بەغدا چارەسەر بكرێن و سەرۆكی حكوومەتیش چەندینجار داوای كردووە كێشەكان بەپێی دەستوور چارسەر بكرێن، ئەمە مانای وایە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆتاهاتنی كێشەكانەو هەرێم هیچكات نەیویستووە گرفت دروست بێت و كێشە رووبدات، حكوومەتی هەرێم لە ماوەی كابینەكانی پێشوو و ئەم كابینەیەش بەتایبەتی، داوای چارەسەری كێشەكانی كردووە لە چوارچێوەی دەستووردا.

دووپاتی كردەوە، هەندێك لایەن كە لە بەرژەوەندییان نییە هەرێم و بەغدا رێك بكەون، نانی تیادایە بۆ خۆیان، دەیانەوێ خەڵك چەواشە بكەن و خەتاكە بخەنە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم، خۆیان كارێكی باشیان نییە و كارێك ناكەن لە بەرژەوەندیی خەڵك و كوردستان بێت، بەڵكو هەر خەریكی پیلاندانانن، بۆیە یەكێتی هەمیشە دۆخی شێواوی دەوێت، دەیەوێ بە هەندێك قسە و چەواشەكاری خەڵك وا تێبگەیەنێت كە هۆكاری دواكەوتنی مووچە ئەوەیە حكوومەت پابەند نەبووە، بۆیە بەغدا پارەی دواخستووە، ئەمانە كاریان تێكدانی دۆخەكە بووە دەبێت دەستیان لێ بشۆیت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت