نووسەرێك بۆ یەكێتی: دەبێت حزب خزمەتی خەڵك بكات نەك لەسەر حیسابی خەڵك خزمەتی خۆی بكات

:: PM:10:03:08/04/2024 ‌

دوای چەندین مانگ لە ستەمی بەغدا و سیاسەتێكی خراپ بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستكەوێكی گرنگی بەدەست هێنا و دواجار سەرۆكی حكوومەت كۆتایی بەو دۆخە هێنا، لە بەرانبەر ئەو دەستكەوتە گەورە شارەزایان پێیان وایە یەكێتی دەیەوێ دەستكەوتەكان بكاتە هی خۆی و بە خەڵكی بڵێت كە بۆ بەرژەوەندیی ئەوان هەموو شتێك دەكات، ئەوان دەپرسن مەگەر پێشتر كێ دەستی ئەوانی گرتبوو؟

نەژاد ساڵح، نووسەر و رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، دەبێت حزب خزمەتی خەڵك بكات، نەك لەسەر حیسابی خەڵك خزمەتی خۆی بكات، هەر حزبێك نەیتوانیبێت دڵی خەڵك رازی بكات و لە ئاست داواكاریی خەڵك بێت، ناتوانێ ببێتە پێشەوا و دەمڕاستی خەڵك، بۆیە بەشێك لەو ترسەی كە هەر حزبێك لە هەڵبژاردن هەیەتی، پێوەستە بەوەوە كە نەیتوانیوە لە رابردوو بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ بكات، وە‌ڵامدەرەوەی‌ داواكارییەكانی خەڵك نەبووە، رەنگە سبەی هەڵبژاردن بكرێت، شتێكی بەدەستەوە نەبێت كە شایانی ئەوە ‌بێت كە خەڵك متمانەی خۆیانی پێ بدەن.

روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان بە بەهێزبوونی پێش دەكەوێت، هەر دژایەتییەكی ناوخۆ خزمەت بە حكوومەت و قەوارە و هاووڵاتییان ناكات، هەمووان دەبێت لەپێناو كوردستان كار بكەن و نابێت هیچ بۆشاییەك بۆ دوژمن بهێڵدرێتەوە، هەرێم بەو ئەزموونە كەمەوە زۆر لە وڵاتانی تر لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە پێشكەوتووترە، بۆیە نابێت رێگە بدرێت پشێوی و ئاڵۆزی دروست بكرێت و دوژمن و نەیاران پیلانی خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەوەشی كرا دەستكەوتێكی گرنگ بوو بۆ خەڵك و دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان خەڵك و حكوومەت، كە حكوومەت ئامانجی خزمەتكردنە.

لای خۆیەوە عەلی ئەنوەر، چالاكی سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە هاوكاری و دەستێكەڵكردن لەگەڵ دژە كوردەكان، پیلانێكیان جێبەجێ كرد و بڕگەیەكیان دانا بە ناوی مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای ناڕازی لەگەڵ بەغدا، راستییەكەی هەرچەندە پیلانەكەی یەكێتی سەری نەگرت و ئەوەی دەیویست جێبەجێ نەبوو، بەڵام هەوڵێكی ئەو حزبە ‌بوو بە هاوكاریی نەیار و دوژمنانی هەرێم، بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو پێگەیەی كە هەرێم هەیەتی، دواجاریش سەرۆكی حكوومەت كێشەی هەموو هەرێمی چارەسەر كرد.

پێوەست بەو بابەتەوە سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەركات دۆخەكە بەرەو باشی هەنگاوی نابێت و كێشەكان بەرەو چارەسەربوون بچن و دۆخەكە بەرەو باشی بڕوات و ئاسایی ببێتەوە و خەڵك بە ئیسراحەت بۆی دابنیشن، هەندێك لایەن كە هاوكات لەناو حكوومەتن، كاری دژ دەكات، نە خۆی لە بەرژەوەندیی خەڵك كار دەكات و نە لە چارەسەریی كێشەكان بەشدار دەبێت، ئەگەریش كێشەكانیش چارەسەر بكرێن، هەوڵی ناشیرینكردن یان دەستوەردان بە ئاراستەی تێكدان دەدات، خەڵكی هەرێمی كوردستان شایەنی ئەوە نییە ئەوەندە لە كێشە و ئاڵۆزی و دەروونی شێواو بن و پێویستە خەڵك خزمەت بكرێت، حزب ببێتە ئامراز بۆ خزمەتكردن نەك تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پلە.

روونی كردەوە، چەندان ساڵە یەكێتی خزمەتی نەكردووە و ئێستە دەیەوێ بڵێت بۆ بەرژەوەندیی خەڵك هەموو شتێك دەكەین، مەگەر پێشتر كێ دەستی ئەوانی گرتبوو و بۆچی ئەو خزمەتەیان نەدەكرد؟، بۆچی نەیانتوانی بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی سنوورەكە و شارەكە كار بكەن؟، لەوكاتەی حكوومەت هەر كارێك بكات، بەبێ جیاوازی بۆ هەموو ناوچەكان كار دەكات، هیچ بەرژەوەندییەكیشی تێدا نییە و هیچ ئامانج و مەرامێكی نییە، بەڵكو تەنیا دەیەوێ خزمەت بكا و داواكاریی خەڵك جێبەجێ بكات و متمانە دروست بكات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت