كارەكانی پرۆسەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران دەستی پێ‌ كردووە

:: AM:08:51:16/04/2024 ‌
لەلایەن زۆربەی وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەكان، كاركردن بۆ پرۆسەی دیاریكردنی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران دەستی پێ‌ كردووە، لە بەشێكیان كارەكان بەرەو كۆتایی دەچێت.

لە ساڵی 2015 بەهۆی تەنگژەی دارایی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران راگیرا، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی كردوویەتی، بڕیاری دووبارە گەڕاندنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی داوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی بە وەزارەت و دەستەكان گەیشتووە، بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەكان سەرقاڵی پێداچوونەوە و دیاریكردنی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران بۆ مووچەی مانگی پێنج.

ئەوەیش زانراوە، ئەو كارە لە فەرمانگەكان بە لیژنەیەك سپێراوە و سەرەتا ئەوە دیاری دەكەن، چەند پلە بەرزكردنەوە بۆ ئەو فەرمانبەرە دەگەڕێتەوە و شایستەیە، لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەی بۆ پلەكەی دەگەڕێتەوە، هەروەها بەرزكردنەوەی پلەكە لە چ پلەیەكی فەرمانبەرییە بەپێی بڕوانامەكەی.

بڕیارە لە مووچەی مانگی پێنج ئەو زانیارییانە لەلایەن ژمێریاری فەرمانگەكان لەسەر خشتەی مووچە زیاد بكرێ‌ و لەگەڵ لیستی مووچە ئەو مانگە ئاراستەی بەغدا بكرێ‌.


وشە - رامیار جەواد