نەتنیاهۆ: سوپاس بۆ ئامۆژگارییەكانتان بەڵام خۆمان بڕیار دەدەن لە ئێران بدەین یان نا

:: PM:07:06:17/04/2024 ‌

وێڕای داوای بەردەوامی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی وەڵامی هێرشەكانی ڕۆژی شەمووی ئێران نەداتەوە، بەڵام سەرۆكی حكوومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەوە شتێكە تایبەت بە خۆمان.

ئەمڕۆ چوارشەم، 17ی نیسان، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆكی حكوومەتی ئیسرائیل، پاش دیداری لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و بریتانیا گوتی، ئێمە ڕێز لەو ئامۆژگارییانە دەگرین كە داوا دەكەن ئارام بین و وەڵامی مووشەكەكانی ئیران نەدەینەوە، بەڵام ئەوە بڕیارێكە ئیسرائیل خۆی دەیدات و گوێ لە هیچ ئامۆژگارییەك ناگرین.

ئەوەشی گوت، ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات، هەر بۆیە كردە سەربازییەكانیشمان لە غەزە و بەری ڕۆژئاوا بەردەوام دەبن. ئەو گوتانەی لەسەر بڵاوبوونەوەی برسێتی لە غەزە دەگوترێن، تەنیا پڕوپاگەندەن و دوورن لە ڕاستییەوە.

دوای ئەوەی حكوومەتی ئیسرائیل بڕیاری دا وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ڕۆژی شەمووی ڕابردووی ئیران بداتەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوە ساردیان بكەنەوە، بەتایبەتی ئەمەریكا كە نزیكترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە، چونكە نایانەوێت بازنەی ململانێكە فراوانتر بێت.

ئەمەریكا وەك هەنگاوێك بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە وەڵامدانەوەی سەربازی پەشیمان بكاتەوە، ڕای گەیاند كە سزای زیاتری ئێران دەدەن و بۆ ئەمەش هانی هاوپەیمانە ئەورووپییەكان دەدان هەمان ڕێ بگرنە بەر.


وشە - عەبدوڵا عومەر